Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت ئێران ' ڕاستەوخۆ بەشدار بووە ' لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان


 فەرماندەی هێزی دەریایی کەشتیگەلی پێنجی ئەمەریکا ئەدمیڕاڵ براد کوپەر
فەرماندەی هێزی دەریایی کەشتیگەلی پێنجی ئەمەریکا ئەدمیڕاڵ براد کوپەر

فەرماندەی باڵای هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت ئێران " زۆر بە ڕاستەوخۆیی بەشدار بووە " لە هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەندا بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور.

ئەدمیڕاڵ براد کوپەری فەرماندەی هێزی دەریایی کەشتیگەلی پێنجی ئەمەریکا دانی بەوەدانا کە ئەو هێرشانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبووە فراوانتر بوون، پێشتر ئەو هێرشانە تەنها مەترسییان لەسەر کەنداوی فارس و تەنگەی هورموز هەبوو، بەڵام ئێستا هەڕەشەکان بە سەرانسەری ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەیان سەندووە.

لە چاوپێککەوتنێکدا لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە، کوپەر بە ئەسۆشیەتد پرێسی وت " ئاشکرایە کە کارەکانی حوسییەکان ڕەنگە لە ڕووی هێرشەکانییانەوە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان گەورەترین هێرش بن کە لە ماوەی دوو نەوەدا بینیبێتمان. ڕاستییەکان زۆر بە سادەیی ئەوەن کە ئەوان هێرش دەکەنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوەش وەڵامی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە کە پێم وایە خۆتان بینیتان."

نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرکردایەتی حوسییەکان لە سەنعای پایتەخت لێدوانییان لەسەر ئەوە نەداوە، بەڵام دواتر حوسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییەک کە ئاڵای ئەمەریکای بەسەرەوە بووە، کەشتیگەلی پێنجی ئەمەریکاش ئەو بانگەشەیەی ڕەت کردەوە.

لە مانگی یانزەوە حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت لانیکەم 34 هێرشییان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن بۆ کەناڵی سوێزی میسڕ، ئەوەش ڕێڕەوێکی ئاویی زۆر گرنگە بۆ بارەکانی وزە و ئەو کەلوپەلانەی دیکە کە لە ئاسیاوە دێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ ئەوروپاش.

حوسییەکان کە گروپێکی شیعەن و لە ساڵی 2014 ەوە کۆنتڕۆڵی سەنعای پایتەختی یەمەنییان کرد، لە ساڵی 2015 ەوە دژی سعودیە و هاوپەیمانەکانی دەجەنگێن، کە ئەوان لەلای خۆیانەوە پشتیوانییان لە حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن کردووە. حوسییەکان دەڵێن هێرشەکانییان بۆ سەر کەشتییەکان دەرخستنی پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکان دژی ئیسڕائیل، بەڵام زۆربەی ئەو کەشتییانەی کە کردوویاننەتە ئامانج یان ئەوەتا هیچ پەیوەندییەکییان بە ئیسڕائیلەوە نەبووە یاخود پەیوەندییەکی کەمییان پێوەی هەبووە.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئەمەریکا حەوت جار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی حوسییەکان، بنکە ئاسمانییەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان و شوێنەکانی هەڵدانی موشەکی کردووەتە ئامانج.

کوپەر وتی " من دەڵێم ئێران بە ئاشکرا لە ڕووی دارایی و سەرچاوەوە پشتیوانییان لێدەکات، مەشقییان پێدەکەن. ئەوان بە ئاشکرا دیارە کە ڕاستەوخۆ بەشدار بوون، ئەوە نهێنی تێدا نیە."

کوپەر وتی ئەمڕۆ کەشتیگەلی پێنجی ئەمەریکا دەتوانێت لە ڕێی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە جیاوازەکانییەوە چاودێری 29,900 کم چوارگۆشە لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەگەر ئەوە نەبووایە ئەوا هێزی دەریایی ئەمەریکا ئاگاداری ڕەوشەکەی ناو ئاوەکان نەدەبوو. ئەوەش یارمەتی هێزی دەریایی ئەمەریکای داوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەرکەکانی گواستنەوەی دەرمان و چەک.

لەم مانگەدا هێزەکانی ئەمەریکا دەستییان بەسەر کەشتییەکدا گرت کە پارچەی موشەکی دروستکراوی ئێرانی و چەکی دیکەی پێبووە و بەرەو حوسییەکان ڕۆیشتووە، ئەوەش لە ئەرکێکدا کە تێیدا دوو سەربازی هێزی دەریایی سییڵسی ئەمەریکا بێسەروشوێن بوون. ڕۆژی یەکشەممە سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی ئێستا باوەڕی وایە کە دوو سەربازەکە گیانییان لە دەستدا بێت.


لە کاتێکدا کە کوپەر ڕاستەوخۆ نەیوت کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکا ڕۆڵێکییان هەبووە لە دەستنیشانکردنی ئەو کەشتییەدا، بەڵام ئاماژەی پێدا.

کوپەر وتی " ئەوانە بە تایبەتی بۆ ئەوە دروست کراون ئەرکی دەستنیشانکردن ئەنجام بدەن."

سەرکردایەتییەکەی کوپەر لە مانگی دوودا کۆتایی دێت و ئەدمیڕاڵێکی دیکەی ئەمەریکایی لە بەحرەینەوە شوێنی دەگرێتەوە، کوپەر وتی هێزی دەریایی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان هێشتا لە ژێر مەترسییەکی جددی حوسییەکاندان.

وتی " ئەوەی پێویستمانە بڕیارێکی حوسییەکانە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان. هەر ئەوەندە."

XS
SM
MD
LG