باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی ئەمەریکا دەیەوێت لە مانگی پێنجدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگدانێک سەبارەت بە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کۆریای باکووردا ئەنجام بدات، ئەوەش بەهۆی نوێکردنەوەی تاقیکردنەوە موشەکییە باڵیستیکییەکانییەوە.
مانگی ڕابردوو ئەمەریکا بە نوسراوێک داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد هەناردەکردنی تۆباکۆ و سوتەمەنی بۆ کۆریای باکوور قەدەغە بکات، هەروەها گروپی هاککەرانی لازاروسیش بخاتە لیستی ڕەشەوە.
دوای ئەوەی لە مانگی سێدا کۆریای باکوور بۆ یەکەمین جار لە دوای ساڵی 2017 ەوە موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی تاقیکردەوە، ڕووسیا و چین ئاماژەیان بەوەداوە کە دژی سەپاندنی سزای زیاترن بەسەر کۆریای باکووردا.
پەسەندکردنی هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستی بە 9 دەنگی بەڵێ دەبێت، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنەکە مافی ڤیتۆ دژی بڕیارەکە بەکاربهێنن. ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنەکەش بریتین لە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و چین و ڕووسیا.
جێی ئاماژەیە مانگی پێنج ئەمەریکا سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە دەکات، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئەو پرسە دەخاتە دەنگدانەوە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پلانمانە لەم مانگەدا بڕیارەکە بەرەو پێشەوە بەرین."
وتیشی " ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بەم ڕەوشە. هیوادارین بتوانین ئەنجومەنەکە بە یەکگرتوویی بهێڵینەوە لە سەرکۆنەکردنی کارەکانی کۆریای باکووردا."
لە ساڵی 2006 ەوە کۆریای باکوور لەژێر سزاکانی ئەمەریکادایە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش سزای بەسەر کۆریای باکووردا سەپاندووە تاوەکو سەرچاوەی داهاتی کۆریای باکوور ببڕێت کە پیۆنگیانگ بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییە باڵیستیکییەکەی بەکاریهێناوە.
بەپێی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی سزاکان، کۆریای باکوور توانیویەتی خۆی لە هەندێک لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بدزێتەوە. لە مانگی دوودا ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا وتی کۆریای باکوور لەڕێی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە بۆ سەر بازاڕی کریپتۆکەرەنسی سەدان ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز