Accessibility links

بۆ یەکەمین جار بەرپرسانی ئەمەریکا لە دیمەشق لەگەڵ هەیئەت تەحریر ئەلشامدا کۆدەبنەوە


ئەحمەد ئەلشەرع، سەرکردەی گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام
ئەحمەد ئەلشەرع، سەرکردەی گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام

دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا سەردانی دیمەشقییان کرد و بۆ یەکەمین جار کۆبوونەوەی فەڕمییان لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سوریادا ئەنجامدا کە لەلایەن هەیئەت تەحریر ئەلشامەوە سەرکردایەتی دەکرێن، لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی داهاتووی پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتییان کرد لە سوریادا.

ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و زۆرێک لە سوریاییەکان خۆشحاڵبوون بە دوورخستنەوەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، بەڵام هێشتا ڕوون نیە کە ئایا گروپی تەحریر ئەلشام کە سەرکردایەتی دوورخستنەوەی ئەسەدی کرد یاسای توندی ئیسلامی بەسەر سوریاییەکاندا دەسەپێنێت یان نەرمی دەنوێنێت و بەرەو دیموکراسی دەچێت. گروپەکە پێشتر سەر بە گروپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە بووە.

حکومەتەکانی ڕۆژئاوا دەستییان کردووە بە کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ گروپەکە و ئەحمەد ئەلشەرعی سەرکردەکەیدا، کە پێشتر فەرماندە بووە لە گروپی ئەلقاعیدەدا لە سوریا. ڕۆژئاوا سزای سەپاندووە بەسەر گروپەکەدا و وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندوویەتی.

دیبلۆماتکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باربەرا لیف و نوێنەری سەرۆکایەتی بۆ کاروباری بارمتەکان ڕۆجەر کارستێنس و ڕاوێژکاری باڵا دانیێڵ ڕوبینشتاین، یەکەمین دیبلۆماتکاری ئەمەریکایین لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە سەردانی دیمەشق بکەن.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " لەگەڵ نوێنەرانی هەیئەت تەحریر ئەلشامدا کۆبوونەتەوە و تاوتوێی بنەماکانی گواستنەوەی دەسەڵاتییان کردووە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیرییان لێدەکرێت. هەروەها تاوتوێی ڕووداوەکانی ناوچەکە و شەڕە گرنگەکەی دژ بە داعشییان کردووە." شاندەکە لەگەڵ گروپە کۆمەڵایەتییەکان و ئەندامانی کۆمەڵگە جیاوازەکانی ناو سوریادا کۆبوونەتەوە و باسییان لە " دیدی ئەوان کردووە بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان و ئەوەی کە ئەمەریکا چۆن دەتوانێت یارمەتییان بدات."

چەند ڕۆژێک دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، ئەمەریکا کۆمەڵێک بنەمای خستەڕوو، لەوانەش گشتگیری و ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکانی سوریا و دەڵێت دەیەوێت ئەو بنەمایانە لە گواستنەوەی سیاسیی دەسەڵاتدا لە سوریا ببینێت.

هاوکات شاندەکە لە دیمەشق کارییان کردووە بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی ئۆستن تایس، کە لە ساڵی 2012 دا لە ماوەی کارکردنیدا لە سوریا دەستگیرکرا و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە، هەروەها ئەو ئەمەریکاییانەی دیکەش کە لە ماوەی دەسەڵاتی ئەسەددا بێسەروشوێن بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG