ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پلانەکانی بۆ دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم، لەکاتێکدا واشنتن پەیوەندییەکان لەگەڵ فەڵەستینیەکان دەستپێدەکاتەوە و پابەندی چارەسەری دوو دەوڵەت دەبێت بۆ ململانێکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " وەکو لە مانگی پێنجدا وتم، بەردەوام دەبین لە پڕۆسەی کردنەوەی کونسوڵخانەکەمان وەکو بەشێک لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەڵەستینیەکاندا."
بلینکن ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکات بۆ خستنەوەی ئاشتیەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بەردەوام دەبێت " لە پتەوکردنی سەرجەم ڕووەکانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا."
لە ساڵی 2019 ەوە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم داخراوە، کاروباری فەڵەستینیەکانیش لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە بەڕێکراوە.
لە مانگی پێنجدا بلینکن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ڕامەڵا لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا پلانی ئەمەریکای بۆ دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی وڵاتەکە ڕاگەیاند، لەوێش لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان مەحمود عەباسدا کۆبۆوە.
لەلای خۆیەوە ئیسڕائیل دژایەتی پلانەکەی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت " دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەکە بیرۆکەیەکی خراپە."
لە مانگی نۆدا وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید وتی " دەزانین بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن بەشێوەیەکی جیاواز سەیری ئەمە دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم کارە لە ئیسڕائیل دەکرێت، دڵنیاین ئەوان بە وریاییەوە گوێمان لێدەگرن."
جێی ئاماژەیە بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن چەند جارێک وتوویەتی چارەسەری دوو دەوڵەت باشترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی داهاتووی ئیسڕائیل وەکو وڵاتێکی دیموکراتی جوو کە لە پاڵ دەوڵەتێکی سەروەر و دیموکراتی فەڵەستیندا بە ئاشتی بژی.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا