Accessibility links

ملیۆنان دەنگدەری ئەمەریکایی لە نێوان هێرس و ترەمپ سەرۆکی نوێی وڵاتەکە هەڵدەبژێرن


ملیۆنان دەنگدەری ئەمەریکایی بەشداریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکەن کە لە ئێستادا دەستیپێکردووە و بڕیار دەدەن کە ئایا جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا یاخود سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ.

بەپێی ڕاپرسییەکانی پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان، هێرس و ترامپ جیاوازییەکی کەمییان هەیە بە تایبەتی لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکاندا کە بڕیار دەدەن کێ براوە دەبێت.

ڕۆژی دووشەممە هەردوو بەربژێرەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەردانی ویلایەتی پەنسلڤانیایان کرد کە یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە زۆر لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت، گردبوونەوەیان لە ویلایەتەکەدا ئەنجامدا و لە پیتسبێرگ لە نزیک یەکترەوە کەمپینییان دەکرد.

ڕۆژی دووشەممە هێرس بە لایەنگرانی وت لە پیتسبێرگ " سبەینێ ڕۆژی هەڵبژاردنە، گوڕەکەش لە پاڵ ئێمەدایە. هەڵمەتەکەمان پەرۆشی و سروش و خەونی گەلی ئەمەریکایی تێدا بووە. ئێمەش دەزانین کە ئێستا کاتی ئەوەیە نەوەیەکی نوێ سەرکردایەتی ئەمەریکا بکات."

هێرس وتی " دەبێت بە بەهێزییەوە تەواوی بکەین، سەردەکەوین."

ترامپیش وتی بەڕێوبەرایەتییەکی دیکەی ترامپ " بوژاندنەوەیەکی سەرسوڕهێنەری ئابووری دەخاتەوە کە جیهان هەرگیز نەیبینیبێت."

وتی " ئەگەر دەنگ بە کامڵا بدەن، ئەوا چوار ساڵی دیکەتان دەبێت لە ناخۆشی و شکست و کارەسات. وڵاتەکەمان ڕەنگە هەرگیز چاک نەبێتەوە. دەنگ بدەن بە من و مووچەکان زیاد دەکەم و داهاتەکان زیاد دەکەم و کار و سەرمایە و دەرفەتەکان بۆ سەرجەم ڕەگەزەکان لە ئەمەریکا زیاد دەکەم."

پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە 81 ملیۆن ئەمەریکایی دەنگی پێشوەختییان داوە، لە ڕێی ئامادەبوونییان لە ناوەندەکانی دەنگدانەوە یاخود لە ڕێی پۆستەوە.

ئەو ژمارەیەش زیاترە لە نیوەی ئەو 158 ملیۆنەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا دەنگییاندا، کاتێک سەرۆک بایدن شکستی بە ترامپ هێنا. سەرکەوتنێکی دیموکراتەکان بوو کە تاوەکو ئەمڕۆش ترامپ دەڵێت ساختەکاری کراوە لە یاساکانی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکاندا بۆیە شکستی هێناوە.

دەیان بڕیاری دادگا، کە زۆرجار لەلایەن ئەو دادوەرانەوە دەدرا کە ترامپ دەستنیشانی کردبوون، دژی وەستانەوە لە کاتێکدا کە هەوڵیدا ڕووبەڕووی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 ببێتەوە. بەڵام ڕۆژی یەکشەممە ترامپ لە گردبوونەوەیەکدا لە پەنسلڤانیا وتی " نەدەبوو لە ساڵی 2021 دا کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت " کاتێک بایدن دەسەڵاتی گرتەدەست.

ترامپ وتیشی تەنها لە کاتێکدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممە پەسەند دەکات کاتێک بۆی دەربکەوێت کە هەڵبژاردنەکە دادپەروەرانە ئەنجام درابێت. ترامپ و هێرسیش تیمێکی زۆرییان لە پارێزەران کۆکردووەتەوە بۆ چاودێریکردنی دەنگدان و بژاردنی دەنگەکان هەتاوەکو ڕۆژانی داهاتووش، هەتاوەکو ئەو کاتەی بە ئاشکرا براوەیەک دەردەکەوێت.

ئەگەر ترامپ براوە بێت، ئەوا دەبێتە دووەمین سەرۆک کە دوو خول سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات بەڵام دوو خولەکەی بەدوای یەکدا نەبێت، دوای گرۆڤەر کلیڤلاند لە ساڵەکانی 1880 کاندا. هەروەها یەکەمین سەرۆکیش دەبێت کە تۆمەتی تاوانی ئاڕاستە کراوە و چاوەڕێی سزاکەی دەکات دواتر لە مانگی یانزەدا، دوای ئەوەی بە 34 تۆمەتی پەیوەست بە پارەدان بە ئەکتەرێکی پۆڕن پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 تۆمەتبار کراوە.

ترامپ زۆرجار لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا تووڕە بووە لە نەیارە دیموکراتەکانی و بە " دوژمنی ناوخۆی " وڵات و هەڕەشەیەک بۆ سەر داهاتووی وڵاتەکەی ناوی بردوون. ترامپ هێرسی وەک کەسێکی خاوەن عەقڵێکی سنووردار ناوبردووە و وتوویەتی کە دەبێتە پیاوی سەرکردەکانی دیکەی جیهان لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

هێرس بۆ چەند هەفتەیەک بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دۆڕاوە بەڵام لەم دواییانەدا گەشبینی زیاتری دەربڕیوە و ئێستا دەڵێت پێشبینی دەکات ببێتە 47 هەمین سەرۆکی وڵاتەکە. ئەگەر هەڵببژێردرێت، ئەوا دەبێتە یەکەم ژن کە ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا، یەکەم ژنە کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی باشووری ئاسیا بێت ببێتە سەرۆک و دووەم سەرۆکی ڕەشپێستە دوای باراک ئۆباما.

هێرس ترامپی بە " کەسێکی ناجددیی " ناوبردووە و وتوویەتی ترامپ مەترسی دەبێت بۆ سەر دیموکراسی ئەمەریکا و گوێ ناداتە هیچ کۆتوبەندێکی ئاسایی سەرۆکایەتی دوای ئەوەی پێشتر لەم ساڵدا دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاریدا کە سەرۆکەکان نابێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بۆ هەر کارێکی هەڵەی پەیوەست بە کردەوە فەڕمییەکانییانەوە.

ڕاپرسییەکان دەڵێن دەنگدەرانی وڵاتەکە زۆر بە قووڵی دابەش بوون لە نێوان دوو بەربژێرەکەدا.

لە دوایین ڕاپرسییەکانی پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکاندا دەردەکەوێت کە ترامپ و هێرس لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکاندا یەکسانن.

ڕاپرسییەکی ئەی بی سی نیوز دەریدەخات کە ترامپ لە پێنج ویلایەتی 7 ویلایەتە یەکلاکەرەوەکەدا براوە دەبێت، بەڵام واشنتن پۆست دەڵێت هێرس لە چوار ویلایەتی یەکلارەکەوەدا پێشەنگە. نیویۆرک تایمز دەڵێت ترامپ لە چوار ویلایەتی یەکلاکەرەوەدا پێشەنگە و هێرس لە دوواندا پێشەنگە، لە پەنسلڤانیاش یەکسانن.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە دەنگی جەماوەری نیشتمانی یەکلایی ناکرێنەوە بەڵکو لە ڕێگەی دەنگی نوێنەرانی ویلایەتەکانەوە یەکلایی دەکرێنەوە، کە هەڵبژاردنەکە دەکاتە 50 کێبڕکێی ویلایەت بە ویلایەت، 48 ویلایەت لە کۆی 50 ویلایەتەکە هەموو دەنگی نوێنەرەکانییان لە هەڵبژاردنەکەدا دەبەخشن بە بەربژێری براوە لە ویلایەتەکانییاندا، یان هێرسە یان ترامپە.

ژمارەی دەنگی نوێنەران لە هەر ویلایەتێکدا پەیوەستە بە ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکەوە، لەبەرئەوە گەورەترین ویلایەت زۆرترین کاریگەریی دەبێت لە یەکلاییکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، براوەکەش پێویستی بە 270 دەنگی نوێنەر دەبێت لە کۆی 538 دەنگ تاوەکو ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا.

ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە هێرس و ترامپ هەردووکییان پێشەنگییەکی بەرچاویان لە 43 ویلایەتدا هەیە، کە بەسە بۆ ئەوەی هەریەکەیان بتوانن 200 دەنگی نوێنەر یان زیاتر بە دەستبهێنن. جگە لە ناڕەحەتی لە یەکێک لەو ویلایەتانەدا، براوە لە حەوت ویلایەتی یەکلاکەرەوەدا یەکلایی دەکرێتەوە، ترامپ و هێرس لەو ویلایەتانەدا بەردەوام گردبوونەوەیان ڕێکخستووە.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ڕۆیتەرز و ئەسۆشیەتید پرێس وەرگیراون

XS
SM
MD
LG