Accessibility links

هۆکاری ئەوەی ئایین لە ئەمەریکا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاڵتر دەبێتەوە، چییە؟


بە پێی ڕاپرسییەکان و بەڵگەکانی دیکە، ڕەوتی بەرەو عەلمانیەت کە بە بەروارد بە ولاتانی پێشکەوتوی دیکە، زۆردرەنگتر گەیشتە ئەمەریکا، لە ئێستادا زۆر بە خێرایی خەریکە لە ئەمەریکا گەشە دەسێنێت.

لە ساڵی 1965 دا، ڕاپرسییەکی گالۆپ دەریخست کە لە سەدا 70 ی بەشداربووان لە ڕاپرسییەکەدا وتوویانە ئایین " زۆر گرنگە " لە ژیانییاندا. بەڵام ئەمڕۆ کەمتر لە سەدا 45 ی ئەمەریکاییەکان دەڵێن ئایین " زۆر گرنگە."

جێف جۆنزی سەرنوسەری باڵای گالۆپ دەڵێت " نەوەی گەنجتر لە ڕاستیدا لە نەریتێکی ئایینیدا گەورە نەبوون، یاخود ئەگەر لەو نەریتەشدا گەورە بووبێتن ئەوەندە زۆر نەچوون بۆ کڵێسا، لەبەر ئەوە پێم وایە ئەوە هۆکارێکی گەورەیە."

لە ساڵی 2023 دا لە سەدا 26 ی ئەمەریکاییەکان وتوویانە سەر بە ئایین نین، ئەو ڕێژەیەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2013 دا لە سەدا 21 زیادی کردووە.

هەمان توێژینەوە دەڵێت ئەوانەی کە پەیوەست نەبوون بە ئایینەوە هەوڵی دەستکەوتنی ئایینی زیاتر نادەن، تەنها لە سەدا 9 وتوویانە گرنگی دەدەن بە دۆزینەوەی ئایینێکی نوێ یاخود ماڵێکی ڕۆحییانی.

مایک دوڵێک لە ویلایەتی میزۆری، یەکێکە لەو ئەمریکییانەی کە لە زیادبووندایە و دەڵێن خۆیان بە هیچ ئایینێکەوە نابەستنەوە.
مایک دوڵێک لە ویلایەتی میزۆری، یەکێکە لەو ئەمریکییانەی کە لە زیادبووندایە و دەڵێن خۆیان بە هیچ ئایینێکەوە نابەستنەوە.

دەیڤد کامپێڵی زانای سیاسی دەڵێت کەمبوونەوەی ڕێژەی ئامادەبوون لە کڵێساکاندا ئاماژەیە لەسەر گۆڕانێکی گەورە لە ژیانی مەدەنی ئەمەریکاییەکاندا، دەڵێت ئەمەریکاییەکان لە ڕابردوودا لەو جۆرە گروپانەی دیکە دوورکەوتوونەتەوە بەڵام هێشتا پەیوەستن بە ئایینی ڕێکخراوەوە.

کامپێڵ دەڵێت " ئەمەریکاییەکان پێناچێت بە شێوەی گروپ و ڕێکخراو کات لەگەڵ یەکتردا بەسەرببەن کە لەو کۆبوونەوانەدا فێر دەبن هاریکاریی یەکتر بکەن، شت دەکەن، پێکەوە لەسەر کێشەیەک کۆدەبنەوە."

" ئێستا ئەوە زۆر کەمبووەتەوە، کەمبوونەوەی باوەڕدارانیش هۆکارێکی گەورەیە بۆ ئەوە."

کامپێڵی پڕۆفیسۆر لە زانکۆی نۆتر دام لە ئیندیانا دەڵێت هۆکارێکی دیکە بۆ کەمبوونەوەی باوەڕ بە ئایین ڕەنگە " ئەو کاردانەوە هەستیارە بێت بۆ مافی ئایینی " لە نێو ئەو کەسانەدا کە پێشتریش لەسەر چێوەی ئایینی بوون.

وتی " بەدڵنیاییەوە ئەمە هۆکاری سەرەکییە " بۆ کەمبوونەوەی باوەڕداری بە ئایین.

وتی " بە شێوەیەکی بەرچاو لە مێشکی زۆرێک لە ئەمەریکاییەکاندا ئایین یەکسانە بە مافی ئایینی، یاخود یەکسانە بە پارتی کۆماری، یاخود یەکسانە بە پشتیوانیکردن لە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ، ئەگەر ئەوە ئایین بێت کەواتە زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان نایانەوێت بەشێک بن لە ئایین."

سام ئابرامز لە ناوەندی ئەمەریکان ئینتەرپڕایس کە " خەڵکی ئازاد و بازاڕی ئازاد و حکومەتێکی سنووردار " بە بەها سەرەکییەکانی دەزانێت، ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای سەرهەڵدانی سیاسیی ترامپەوە ژنان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئایین دوورکەوتوونەتەوە.

وتی " دەتوانیت ژنی ماڵەوە بیت و باوەڕدار بیت، بەڵام ئێستا لێدوانە توندڕەوەکانی پارێزگاران سەبارەت بە شتەکانی وەکو لە باربردن و ڕۆڵی ژنان وایکردووە ژنە گەنجەکان دووربکەونەوە لە ئایین و ببنە بێ باوەڕ."

وتیشی " پێش ئەمە پرسێکی گەورەتر هەبوو، کە تەنها عەلمانییەکی بەربڵاو و دوورکەوتنەوەیە لەم ڕێکخراوە ئایینیانە، دواتر دیاردەی ڕاستی توندڕەو کە خەڵێکی زۆری زۆر بە خێرایی لە ئایین دوورخستەوە."

ڕاپرسییەکی توێژینەوە پیو دەریدەخات کە لە سەدا 28 ی پێگەیشتووانی ئەمەریکا خۆیان بە بێ باوەڕ دەزانن، یان باوەڕیان تەنها بە خودا هەیە نەک ئایین، یان " باوەڕییان بە هیچ شتێکی دیاریکراو " نیە کاتێک باس لە ئایین دەکرێت. لە سەدا 4 بێ باوەڕن. ئەوانی دیکە باوەڕییان بە خودا هەیە بەڵام باوەڕییان بە ئایین نیە.

نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەوانەی پرسیارییان لێکراوە دەڵێن باوەڕداری ئایینی نین چونکە گومانییان هەیە لە بەشێکی زۆری بانگەشەکانی ئایین یاخود باوەڕییان بە خودا نیە.

بەپێی گالۆپ، لەسەر ئاستی هەموو چینەکان ئامادەبوون لە کڵێساکان کەمبووەتەوە.


جۆنز دەڵێت " زیاتر بەساڵاچووان ئامادەی کڵێساکان دەبن و نەوە گەنجترەکان کەمتر، بەڵام هێشتا لە سەرجەم تەمەنەکاندا ئامادەبوون لە کڵێساکاندا کەم بووەتەوە، لە ئێستادا بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا بەساڵاچووانیش کەمتر ئامادە دەبن لە کڵێساکاندا."

کامپێڵ دەڵێت دوای جەنگی سارد باوەڕبوون بە ئایین کەمبووەوە، جەنگەکە لە ساڵی 1989 دا کۆتایی هات. شێڵی مێلیای پڕۆفیسۆری بەشی منداڵان و خێزان لە زانکۆی داڵاس باپتیست دەڵێت پەتای کۆرۆنا کە زۆرێک لە ناوەندە ئاینییەکانی ناچار کرد خزمەتگوزارییەکانییان ڕابگرن ڕەنگە هۆکارێکی دیکە بووبێت بۆ خێرابوونی ڕەوتی بێ باوەڕی.

مێلیا پێی وایە خەڵکانی گەنجتر بەدوای شتێکی جیاوازدا دەگەڕێن، جیاواز لەوەی دایک و باوکییان. هاوکات خەڵکانی بەساڵاچوو ڕەنگە بیناکانی کڵێساکان و بۆنە فەڕمییە ئاینییەکان سەرنجییان ڕابکێشێت.

کەواتە چی ڕوودەدات کاتێک وڵاتێک ئایینەکەی لە دەست دەدات؟ کامپێڵ باس لە نموونەی وڵاتە عەلمانییەکان دەکات کە دیموکراسی پەیڕەو دەکەن.

وتی " وڵاتانی سکاندەنەیڤیا زۆر عەلمانین، بە گشتی وەکو دیموکراسیترین وڵاتانی جیهان سەیر دەکرێن. ئەو وڵاتانە دڵخۆشیش تێیاندا زۆرە. کەواتە پێویست ناکات بڵێیت کۆمەڵگەی عەلمانی دیموکراسی تێیاندا کەمترە یاخود کۆمەڵگەیەکن کەمتر دڵخۆشن."

بەڵام لە کاتێکدا کە سیمبولە ئایینییەکان بە قووڵیی تێکەڵ بوون لەگەڵ سیمبول و نەریتی نیشتیمانی ئەمەریکادا – لەسەر دراوەکەی نوسراوە " متمانە بە خودا دەکەین "، " خودایە یارمەتیمان بدە " بەشێکە لە سوێندخواردنی سەرۆکەکان - ئایا پێدەچێت ئەمەریکا ببێتە وڵاتێکی عەلمانی؟

کامپێڵ دەڵێت " گومانم هەیە لەوەی لە ماوەیەکی مامناوەند و درێژخایەندا، ئێمە لە هاوسەنگییەکی نوێدا دەبین کە ئایین بە تەواوی لە ژیانی ئەمەریکاییەکاندا ناسڕێتەوە، بەڵام تەنها شوێنێکی جیاواز لەوەی ئێستا دەگرێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG