Accessibility links

ئەمەریکا: ئێران بە تەواوی بەشدارە لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان


ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، 22ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە ئێران لە نزیکەوە بەشدار بووە لە هێرشەکانی حوسییەکاندا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا، هاوکات وتیشی واشنتن تاوتوێی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر دەکات، لەوانەش ئەگەری بەکارهێنانی هێز دژی ئەو جۆرە هێرشانە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە تاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی داوە بە حوسییەکان و زانیاری هەواڵگری تەکتیکیشی پێداون.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ئادریان واتسن وتی "دەزانین ئێران بە قووڵی بەشدار بووە لە پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە کەشتییە بازرگانییەکاندا لە دەریای سوور."

وتی " هیچ هۆکارێکمان نیە لەسەر ئەوەی باوەڕ بەوە بکەین ئێران هەوڵی ئەوە دەدات حوسییەکان ڕازی بکات ئەم ڕەفتارە سەرکێشیەی ڕابگرێت."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، حوسییەکانی یەمەن کە زۆربەی یەمەنییان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، زیاتر لە 100 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکییان ئەنجام داوە و 10 کەشتی بازرگانییان کردووەتە ئامانج.

لە کاتێکدا کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە زۆرێک لە کەشتییەکان ڕێڕەوە ئاوییەکانییان گۆڕیوە، ئەمەریکا لەمدواییانەدا هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دەریایی ڕاگەیاند کە زیاتر لە 20 وڵات بەشدارن تێیدا، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێپەڕ دەبن.

لە دەرخستنێکی هێزدا، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی یو ئێس ئێس دی ئایزنهاوەر چووە ناو کەنداوی عەدەنەوە، هەواڵیش هەن لەسەر ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی سەربازیی ئەگەر هێرشی سەر کەشتییەکان بەردەوام بن.

سەرۆکی حوسییەکان عەبدل مەلیک ئەل حوسی هۆشداری داوە لەسەر ئەوەی ئەگەر هێرشییان بکرێتە سەر ئەوا هێرش دەکەنە سەر " کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا."

کۆشکی سپی دەڵێت حوسییەکان لە دەریادا پشتییان بەستووە بەو کەلوپەلە چاودێرییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە بۆیان دابین دەکرێت.

واتسن وتی "جگە لەوەش، ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە ئێران دابینی دەکات زۆر گرنگ بوون لەوەدا حوسییەکان بتوانن کەشتیەکان بکەنە ئامانج."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG