Accessibility links

وەزیرانی بەرگری ئەمەریکا و کۆریای باشوور بەڵێنی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی زیاتر دەدەن


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری بەرگری کۆریای باشوور لە سیئۆل بەڵێنیاندا مەشقە سەربازییە هاوبەشەکان و هاریکارییەکانیان لە ڕووی ئاسایشەوە زیاتر بکەن، لە کاتێکدا کە کۆریای باشوور هەوڵ دەدات دڵنیایی دەست بکەوێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی هەڕەشەکانی کۆریای باکووردا.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری بەرگری کۆریای باشوور لی جۆنگ سوپ لە بەیاننامەیەکدا وتیان ڕێککەوتوون لەسەر " فراوانکردن و پتەوکردنی ئاست و مەودای " مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان دوو وڵاتەکە." ئەوەش لە نێوەندی " بەردەوام بوونی کارە وروژێنەرەکانی کۆریای باکووردا."

لە ساڵی 2022 دا گرژییە سەربازییەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کرد، لە کاتێکدا کە کۆریای باکوور ژمارەیەکی بێپێشینەی لە موشەک تاقیکردەوە، بە تاقیکردنەوەی موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕیشەوە.

لە 26 ی مانگی دوانزەدا کۆریای باکوور پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕەوانەی ئاسمانی کۆریای باشوور کرد، ئەوەش لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا یەکەمین ڕووداوی لەو شێوەیە بوو، سیئۆلی ناچار کرد فڕۆکە جەنگییەکانی ڕەوانە بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.

لی بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەگەڵ ئۆستندا ڕێککەوتوون لەسەر " فراوانترکردن و پتەوکردنی ئاست و فروانی مەشقە هاوبەشەکان لەم ساڵدا."

وتیشی " ئەمە پێویست بووە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە ژینگەی ئاسایشی ناوچەکەدا، بە هەوڵەکانی ئەمدواییانەی کۆریای باکووریشەوە بۆ نوێکردنەوەی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی."

دوو وڵاتەکە لە مانگی دوودا مەشقێکی دیکەی هاوبەش ئەنجام دەدەن بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەسەر " بژاردەکانی ڕێگریکردن و وەڵامدانەوەی " هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور.

ئۆستن وتی " کۆمەڵێک مەشقی دیکە ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی شتەکان وەکو یەکتر دەبینین."

هەر مەشقێکی سەربازیی هاوبەشی ئەمەریکا و کۆریای باشوور دەبێتە هۆی توڕەبوونی پیۆنگیانگ، کە وەکو ئامادەکارییەک دەیبینێت بۆ داگیرکاری و زۆر جاریش بە هەڕەشە و مەشقی سەربازی وەڵامی داوەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG