Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مەترسییەکانی سەر مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا دەخاتەڕوو


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی وڵاتی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بڵاوکردەوە کە تیایدا داگیرکارییەکەی ڕووسیا و شەڕی ناوخۆی سودان و جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسی وەکو هەندێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤی لە جیهاندا خستەڕوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوی کردووەتەوە باسی لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانیش کردووە و دەڵێت " دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەم ساڵدا بەهۆی کۆتوبەندەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر ئازادییە سەرەکییەکان خراپتر بووە."

هاوکات باسیش لەوە دەکات کە هێرش هەبوون لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە لە عێراق و سوریادا و ناوو بە ناو شەڕ ڕوویداوە لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی عێراق و چەکدارانی داعش لە ناوچە دوورەدەستەکان لە عێراق و سوریادا، هەروەها ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و بوونی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتدا نین، لەوانەش هێزەکانی حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " ئەم ڕاپۆرتانەمان لە سەرچاوەی جۆراوجۆر و متمانەپێکراو و ڕاستەقینەوە وەرگرتووە، لە ڕاپۆرتی دەزگاکانی حکومەت و دەزگا ناحکومییەکان و میدیاکانیشەوە."

ڕاپۆرتەکەی ئەم ساڵ ، هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی 75 ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان. ڕاپۆرتەکان لەسەر بنەمای ئەو ڕێکخراوانەی مافەکانی مرۆڤن کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانییان پێدانراوە و لە جاڕنامەکەدا خراونەتەڕوو، لەگەڵ ڕێککەوتنەکانی دیکەشدا.

لە پێشەکی ڕاپۆرتەکاندا، بلینکن سەرەتا داگیرکاریی ڕووسیای لە ئۆکرانیا وەک پێشێلکارییەکی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ خستەڕوو. ئاماژەی بەوەدا " پشتگوێخستن و سووکایەتیکردن بە مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کرێملنەوە بە تەواوەتی دیارە." ئاماژەی بە بەکارهێنانی توندوتیژی کرد لەسەر هاووڵاتییانی سڤیل وەکو " ئامڕازێکی شەڕ " لەلایەن ڕووسیاوە.

هەروەها باسی لە شەڕی ناوخۆی سودان کرد و وەکو هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ ناویبرد، وتیشی هەردوو لایەنەکەی ململانێکە " توندوتیژییەکی ترسناک و مەرگ و کاولکارییان " خستووەتەوە.

بلینکن وتیشی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسیش " نیگەرانییەکی قووڵە بۆ مافەکانی مرۆڤ." وتیشی ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماس دەکات بۆ سەر ئیسڕائیل و لە هەمان کاتیشدا داوای لە ئیسڕائیل کردووە زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی سڤیل لە وەڵامەکەیدا کەم بکاتەوە.

بلینکن باسی لە سەرکوتکارییەکانی ئێرانیش کرد دژی دانیشتوانەکەی، بە تایبەتی ژنان، وتی ئەو سەرکوتکارییانە هەڕەشەن بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ. وتی ڕاپۆرتەکە باسی لە سەرکوتکردنی مافەکانی ژنانیش دەکات لە ئەفغانستان لە ژێر فەرمانڕەوایی تاڵیباندا، هەروەها باس لە مامەڵەی چین دەکات بەرامبەر دانیشتوانە زۆرینە موسوڵمانەکەی یوگۆر، هەروەها باس لە خراپ مامەڵەکردنی زیندانییە سیاسییەکان دەکات لە کوبا.

بلینکن وتی سەرەڕای ئەم پێشێلکارییانە لە مافەکانی مرۆڤدا، " گەشەکردنی هاندەریش لەم ڕاپۆرتەدا باسی لێوەکراوە."

بلینکن باسی لەو بەرەوپێشچوونەکان کرد کە لەلایەن کینیا و ژاپۆن و ئیستۆنیا و سلۆڤینیاوە کراوە لە بەرەوپێشەوەبردنی مافەکانی هاوڕەگەزخوازاندا، هەروەها ئەو بەرەوپێشچوونانەی کە لەلایەن ژاپۆنەوە کراون بۆ بەرەوپێشبردنی مافی ئەو کەسانەی کە کەمئەندامن. هەروەها باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی مەکسیک کرد لە جێبەجێکردنی چاکسازی لە کاردا بۆ باشکردنی هەلومەرجەکانی کارکردن.

بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەم بەرەوپێشچوونانە کرد.

وتی " ئەم خاڵە گەشاوانە بیرخستنەوەیەکی گرنگن لەسەر ئەوەی بەرەوپێشچوون لە مافەکانی مرۆڤدا بە دڵنیاییەوە دەکرێت ڕووبدات، بە مەرجێک تاکەکان لە سەرجەم بەشەکانی جیهانەوە پابەند بن بە بەردەوامیدان بە کارکردن بۆ بەرزڕاگرتنی شکۆی بنچینەیی هەموو مرۆڤەکان."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG