وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند حوسییەکانی یەمەن کە پێشتر بە ئەنساڕوڵا ناسرابوون، وەکو " ڕێکخراوێکی بیانی تیرۆریستی " دەناسێنێت.
ئەم ڕاگەیاندنەش دوای ئەوە هات کە پێشتر لەم ساڵدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای کردبوو حوسییەکان وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێندرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ وتی " چالاکییەکانی حوسییەکان مەترسین لەسەر ئاسایشی هاووڵاتیانی سڤیل و سەربازانی ئەمەریکایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها مەترسین لەسەر پارێزراویی هاوبەشە نزیکەکانمان لە ناوچەکەدا و هەروەها سەقامگیری بازرگانی دەریایی جیهانیش."
وتیشی " ئەمەریکا قبووڵی ناکات هیچ وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو حوسییەکاندا بکات لە ژێر ناوی کارکردنی ڕەوای نێودەوڵەتیدا."
ناساندنی حوسییەکان وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سزای توندتری ئابووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت کە وەڵامێکن بۆ هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا کە بەرگری لە ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەکە دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز