Accessibility links

سوپای ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی چڕ دەکاتە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە سەنعا


سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە هێرشی ئاسمانی وردی کردووەتە سەر کۆگاکانی موشەک و ناوەندێکی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی حوسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشە ئاسمانییەکان ئامانج لێیان " تێکدان و لە ناوبردنی توانای حوسییەکان بووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن، لەوانەش هێرشەکانی دژ بە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە باشووری دەریای سوور و باب ئەلمەندب و کەنداوی عەدەن."

سوپای ئەمەریکا وتی بەسەر دەریای سوورەوە بەرپەرچی چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کروزی دژە کەشتی داوەتەوە.

هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی شەممە دوای هێرشێکی ئاسمانی هاوشێوەی هەفتەی ڕابردووی فڕۆکەیەکی ئەمەریکا هات دژی ناوەندێکی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی حوسییەکان، کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات و کۆنتڕۆڵی زۆربەی یەمەنییان کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بەندەر و ژێرخانەکانی وزە لەو بەشانەی یەمەندا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندان، هەروەها هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتری کرد دژی گروپەکە، حوسییەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردووەوە سەدان موشەکییان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە.

حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، ساڵێک زیاترە هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا و هەوڵ دەدەن گەمارۆیەکی دەریایی بسەپێنن بەسەر ئیسڕائیلدا، دەڵێن ئەم کارەیان وەکو دەرخستنی هاوسۆزییەکە بۆ فەلەستینییەکانی غەززە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG