Accessibility links

لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا نزیکەی 40 کەس کوژراون


ئەمەریکا کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر زیاتر لە 85 ئامانج لە عێراق و سوریا ئەنجامدا و ئامانجەکانیش پەیوەست بوون بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گروپە چەکدارییانەوە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، گوایە بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیاتر لە 30 کەس کوژراون. ئەم هێرشانەش وەکو تۆڵەیەکن بۆ هێرشە کوشندەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن.

لە هێرشەکاندا بۆمبڕێژی B-1 بەکارهاتووە و فڕۆکەکە لە ئەمەریکاوە هاتووە، هێرشەکان یەکەم وەڵامی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنن بۆ هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

پێشبینی دەکرێت سوپای ئەمەریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی زیاتری سەربازیی ئەنجام بدات.

بەڕێوبەری ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا جەنەڕاڵ دۆگلاس سیمس وتی هێرشەکان وادەردەکەوێت سەرکەوتوو بووبێتن، تەقینەوەی گەورەی لاوەکییان دروست کردووە لە کاتێکدا کە بۆمبەکان لە کۆگاکانی چەکی گروپە چەکدارییەکانییان داوە. وتی هێرشە ئاسمانییەکان بە شێوەیەک ئەنجام دراون کە زاندراوە ئەوانەی کە لەو دامەزراوانەدا دەبن دەکوژرێن.

سەرەڕای هێرشەکان، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی جەنگی لەگەڵ ئێراندا ناوێت و باوەڕی وانیە تارانیش جەنگی بوێت، تەنانەت لە کاتێکدا کە کۆمارییەکان فشارەکانییان بۆ سەر بایدن زیاد کردووە تاوەکو ڕاستەوخۆ لە ئێران بدات.

ئێران کە پشتیوانی لە حەماس دەکات، هەوڵی داوە خۆی بە دووربگرێت لە ململانێکەی ناوچەکە تەنانەت لە کاتێکدا کە پشتیوانی لەو گروپانە دەکات کە چوونەتە ناو گێژاوەکەوە، لە لوبنان و یەمەن و عێراق و سوریا و بە بەرەی بەرهەڵستکاران ناسراون و دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل و ئەمەریکان.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن دوای هێرشەکان وتی بایدن فەرمانی کردووە کاری زیاتر بکرێت دژی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەوانەی کە پەیوەستن پێوەی. وتی " ئەمە دەستپێکی وەڵامەکەمانە."

وتیشی " ئێمە هەوڵی ململانێ نادەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ شوێنێکی دیکەدا، بەڵام من و سەرۆک هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا قبووڵ ناکەین."

سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشە ئاسمانییەکان ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵ و سەرکردایەتی و موشەک و ڕۆکێت و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دامەزراوەکانی دابینکردنی تەقەمەنییان کردووەتە ئامانج.

لە عێراق هاووڵاتییانی ناوخۆ وتییان چەندین هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر گەڕەکی سیکاک لە ئەلقایم، کە ناوچەیەکی دانیشتوانە و هاووڵاتییان دەڵێن لەلایەن گروپە چەکدارییەکانەوە بەکارهێندراوە بۆ دانانی بڕێکی زۆر چەک تێیاندا. لە دوای هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن، سەرچاوەکان دەڵێن چەکدارەکان ئەو ناوچەیەیان جێهێشتووە و خۆیان حەشارداوە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا و ئوردن زیاتر لە 160 جار هێرشییان کراوەتە سەر، ئەمەش وایکردووە ئەمەریکا چەند هێرشێکی تۆڵەکردنەوە ئەنجام بدات.

بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزییان وت لە هێرشەکەی سەر ئوردندا سێ سەربازی ئەمەریکایی کوژراون و زیاتر لە 40 کەسی دیکە بریندار بوون، وتیشیان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە لە هێرشەکەدا بەکارهێندراوە لەلایەن ئێرانەوە دروست کراوە.

بایدن وتی " ئەمڕۆ وەڵامەکەمان دەستیپێکرد، بەردەوام دەبێت، لەو کات و شوێنەدا کە خۆمان هەڵیدەبژێرین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG