Accessibility links

دادگای باڵای ئەمەریکا گوێبیستی دۆسییەکانی سزای مەرگ و چەکی دەستکرد و مافەکانی ڕەگەزگۆڕاوەکان دەبێت


بینای دادگای باڵای ئەمەریکا
بینای دادگای باڵای ئەمەریکا

ڕۆژی دووشەممە دادگای باڵای ئەمەریکا جارێکی دیکە گوێبیستی دۆسییەکانی چەکە دەستکردە نایاساییەکان و سزایەکی مەرگ و مافەکانی ڕەگەزگۆڕاوەکان دەبێت.

خولەکەی ئەم جارە هێندەی خولی ڕابردوو دۆسییەی گەورەی تێدا نیە، لە خولەکەی پێشوودا بڕیارەکانی دادگای باڵا بۆچوونێکییان تێدابوو کە پارێزبەندییەکی بەرفراوانی بە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەبەخشی.

بەڵام هێشتا دەکرێت دادگاکە کە زۆرینەی ئەندامەکانی پارێزگارانن داوای لێبکرێت دەستوەربداتە ناکۆکییەکانی هەڵبژاردنەوە دوای ئەوەی لە مانگی یانزەدا بەڕێوەدەچێت.

هەروەها دادوەرەکان لە پشووی هاوینەدا تاڕادەیەک بە سەرقاڵی مانەوە. ئەو فەرمانانەی کە لە پێداچوونەوەیەکی بەپەلەدا دەریانکردبوون بریتی بوون لە ڕەتکردنەوەی گەڕاندنەوەی پلانی قەرزی خوێندکارانی سەرۆک جۆ بایدن و پەسەندکردنی بەشێکی یاسایەکی ویلایەتی ئەریزۆنا کە پێویستی بە بەڵگەی هاووڵاتیبوون هەیە بۆ دەنگدان.

خولە نوێیەکە لە کاتێکیشدایە کە خەڵکەکە بە گشتی متمانەیەکی کەمییان بە دادگای باڵا هەیە.

ئەمانەی خوارەوە هەندێکن لەو دۆسییانەی کە لە دادگای باڵای ئەمەریکادا باس دەکرێن:

یاساکانی چەکی دەستکرد:

ڕۆژی سێشەممە دادوەرانی دادگای باڵا گوێبیستی دۆسییەیەک دەبن لەسەر یاساکان بۆ چەکی دەستکرد، ئەو چەکانەی کە بە تایبەتی دروست دەکرێن و پۆلیس ناتوانێت بەدواداچوونییان بۆ بکات چونکە ژمارەی زنجیرەییان نیە.

ژمارەی ئەو چەکانەی کە لە شوێنی تاوانەکاندا دەدۆزرێنەوە لەم ساڵانەی ڕابردوودا زیادییان کردووە، لە ساڵی 2018 دا ژمارەکە کەمتر بووە لە 4000 چەک و لە ساڵی 2021 دا ژمارەکە بووە بە نزیکەی 20,000 چەک، چەکەکان لەلایەن دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاساوە دۆزراونەتەوە، ئەمەش بەپێی داتایەکی وەزارەتی دادی ئەمەریکا.

ژمارەکە لە چەندین شاردا کەمیکردووە بەهۆی ئەوەی کە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن داوای کرد پشکنینی پێشینە بکرێت بۆ ئەو کەسانەی چەک دەکڕن و تەمەنییان پشتڕاست بکەنەوە بۆ ئەو پێداویستییانەی کە بۆ دروستکردنی چەکی دەستکرد بەکاردەهێندرێن و دەکرێت لە ئۆنلاین بکڕدرێن.

بەڵام کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک و گروپەکانی مافی چەک دەڵێن بەڕێوبەرایەتیەکە بەم بڕیارەی لە سنووری خۆی لایداوە و بڕیارەکە دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە.

گومانەکان لەسەر سزایەکی مەرگ:

دوای دەیان ساڵ لە سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر ڕیچارد گلۆسیپدا بە تاوانی بە کرێگرتن بۆ کوشتن لە ساڵی 1997 دا، دۆسییەکە بووەتە دۆسییەیەکی دەگمەن کە تێیدا داواکاران باس لە هەڵە دەکەن.

دادوەری گشتی ئۆکلاهۆما کە کۆمارییە، هەوڵیداوە تاوانی کوشتنەکەی و سزای مەرگەکەی لەسەر هەڵبوەشێندرێتەوە.

سەرەڕای ئەو گومانانە، دادگایەکی پێداچوونەوەی ئۆکلاهۆما سزاکەی گلۆسیپی هێشتووەتەوە. ڕۆژی چوارشەممە دادگاکە گوێبیستی دۆسییەکە دەبێتەوە.

مافەکانی ڕەگەزگۆڕاوەکان

ڕەنگە دۆسییەی شەڕکردن لەسەر مافی ڕەگەزگۆڕاوەکان لەم ساڵدا زۆرترین چاودێری لەسەربووبێت.

دۆسیەی قەدەغەکردنی چاودێری دووپاتکردنەوەی ڕەگەز لەلایەن ویلایەتەکانەوە لە کاتێکدایە کە ئەو ویلایەتانەی کە کۆمارییەکان سەرکردایەتییان دەکەن چەندین کۆتوبەندییان سەپاندووە بەسەر ڕەگەزگۆڕاوەکاندا.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا و ئەو ویلایەتانەی کە دیموکراتەکان سەرکردایەتییان دەکەن پاراستنەکانییان بۆ خەڵکانی ڕەگەزگۆڕاو زیاتر کردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دادگای باڵای ئەمەریکا بە جیا ڕێگری لە بەڕێوبەرایەتییەکە کرد لە جێبەجێکردنی یاسایەکی نوێی فیدڕاڵدا کە تێیدا هەوڵ دەدات خوێندکارانی ڕەگەزگۆڕاو بپارێزێت.

دادوەرەکان یاسایەکی ویلایەتی تێنێسی هەڵدەسەنگێنن کە ئەو دەرمانانە قەدەغە دەکات کە ڕێگری لە ڕەسینبوون دەکەن و چارەسەری هۆرمۆنی بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ڕەگەزگۆڕاو سنووردار دەکات. هێشتا کاتی تاوتوێکردنی دۆسیەکە نەهاتووە، بەڵام پێدەچێت لە مانگی دوانزەدا قسەی لەسەر بکرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG