نوێنەری ئەمەریکا ئامۆس هوکستاین دەڵێت دۆخەکەی ناو سوریا لاوازی نوێ بۆ گروپی چەکداریی حزبوڵای لوبنان و ئێران دروست دەکات.
هوکستاین کە نێوەندگری کرد لە ئاگربەستەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵادا، وتی باوەڕی وایە حزبوڵا هێشتا لە ناونەچووە بەڵام لاواز بووە.
ئێران لە شەڕی ناوخۆی سوریادا هاوکاری سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدی کردووە و گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانی بە حزبوڵا و گروپە چەکدارییەکانی ناو عێراقیشەوە ناردووە بۆ یارمەتیدانی سوپای سوریا.
هوکستاین لە ماوەی کۆنفرانسێکی سیاسیدا لە دەوحە وتی دۆخەکەی ناو سوریا ئەوە دەگەیەنێت کە قورستر دەبێت بۆ ئێران چەک بدات بە حزبوڵا لەوێ، وتیشی ئێران وادیارە پشتیوانییەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە.
ئێران وتوویەتی کە خێزانی دیبلۆماتکارەکانی لە باڵیۆزخانەکەی لە سوریا دەگوازێتەوە، بەڵام ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕەت کردەوە کە گوایە سەربازەکانیشی لە سوریا دەکشێنێتەوە.
هوکستاین وتیشی حزبوڵا " ڕەنگە ئەوەندە بەهێز نەبێت شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل بکات یاخود پشتیوانی لە ئەسەد بکات بەڵام ئەوە هێزێکی زۆری دەوێت بوونێکی باڵادەستت هەبێت لە لوبناندا، حزبوڵا دەکرێت لاواز بێت و لە هەمان کاتدا لە چوارچێوەی لوبناندا هێشتا بەهێز بێت."
هوکستاین وتی شکستەکانی سوپای سوریا لە هەفتەی ڕابردوودا " سوپڕایزێکی ئەوەندە گەورە نەبوو." تیشکی خستەسەر توانا سنووردارەکەی سوپای سوریا بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا کاتێک " ڕووسیا و ئێران زۆر بە بەهێزییەوە دەهاتن یارمەتییان دەدا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز