سیناتۆرەکانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان دەڵێن هێشتا زۆر زووە بۆ بیرکردنەوە لە لابردنی سزاکانی سەر سوریا، ئەوەش دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و لە ئاماژەیەکیشدا لەسەر ئەوەی کە پێناچێت واشنتن بەمزووانە سیاسەتەکەی بەرامبەر سوریا بگۆڕێت.
سیناتۆر جیم ڕیشی کۆماری لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات بە ڕۆیتەرزی وت " هەموومان دڵخۆشین بە ڕۆیشتنی ئەسەد. ماوەیەکی زۆر درێژ کارمان لەسەر ئەوە کرد، کارەکەش ئەنجام درا. کێشەکە ئەمەیە، دواتر چی دێت؟"
تەحریر شام کە پێشتر لقێکی سەر بە قاعیدە بوو هەفتەی ڕابردوو وڵاتەکەی گرتەوە و ئەسەدی دوورخستەوە، تەحریر شام لەلایەن ئەمەریکا و زۆربەی وڵاتانی دیکەوە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە سزا دراوە.
وتی " لەبەرئەوە، بە دڵنیاییەوە پێویستی بە وەستانێک هەیە، بۆ ئەوەی ببینین و بزانین چی ڕوودەدات." وتیشی سەرکردەکانی یاخیبووەکان بەیاننامەی هاندەر سەبارەت بە یەکگرتوویی و مافەکانی مرۆڤ بڵاودەکەنەوە، بەڵام دەبێت ببینین بە کردار چۆن دەبن.
ڕیش سەرۆکایەتی کۆمپیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکات کە سەرپەرشتی دیبلۆماسی ئەمەریکا دەکات، لە مانگی یەکدا دەست بەکاردەبێت کاتێک هاوەڵەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی سینات دەکەنەوە.
دیموکراتە باڵاکانیش داوای وریاییان کردووە لەو بارەیەوە، چونکە نازانرێت یاخیبووەکان چۆن مامەڵە لەگەل مافەکانی مرۆڤدا دەکەن، لەوانەش ئازادی ڕادەربڕین و ئایین.
سیناتۆر بێن کاردینی سەرۆکی ئێستای کۆمیتەکە کە دیموکراتە وتی " هێشتا زۆر زووە بزانیت کە ئایا تۆماری ڕژێمەکەی دواتر ڕەنگدانەوەی شێوازێکی دیکەی کارکردن دەبێت یان نا."
هەروەها سیناتۆر کریس مێرفی کە سەرۆکایەتی کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات وتی هێشتا زۆر زووە بۆ لابردنی سزاکان، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی " مێژووی پەیوەندییە تیرۆریستییەکانی " یاخیبووەکان، بەڵام جەختی لە گرنگی پەیوەندیکردن کردەوە لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سوریادا، لە کاتێکدا کە زلهێزەکانی جیهان هەوڵ دەدەن کاریگەرییەکییان لەو وڵاتەدا هەبێت.
وتی " پێم وانیە ئەمەریکا دەبێت خۆی بکاتە دەرەوەی ژوورێک کە هەمووانی دیکەی تێدان." بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئەمەریکا ملیاران دۆلاری تەرخان کردووە و هێزی ڕەوانەی سوریا و دەوروبەری سوریا کردووە.
وتی " پێم وانیە دەبێت شەرم بکەین سەبارەت بە کردنەوەی هێڵی پەیوەندی." سزاکان کاردەکەنە سەر پشتیوانییە ماددییەکان بۆ سوریا، بەڵام پەیوەندیکردن لەگەڵ حکومەتەکەیدا قەدەغە ناکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز