Accessibility links

ئەمەریکا 202 ملیۆن دۆلار یارمەتی زیاتر دەدات بە بەنگلادیش


محەمەد یونوس
محەمەد یونوس

شاندێکی ئەمەریکا لە ماوەی سەردانێکیاندا بۆ داکای پایتەختی بەنگلادیش ڕایانگەیاند ئەمەریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە گەشەی ئابوورییە کراوەکەی بەنگلادیش و بونیادنانی دامەزراوە و گەشەپێدان و 202 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتی بۆ ئەو وڵاتە دابین دەکات.

شاندە شەش ئەندامییەکە کە جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا برێنت نیمان سەرکردایەتییان دەکات، یەکەم شاندی ئەمەریکایە بۆ بەنگلادیش دوای ئەوەی حکومەتە کاتییەکەی ئەو وڵاتە بە سەرکردایەتی محەمەد یونوسی براوەی خەڵاتی نۆبڵ مانگی ڕابردوو دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەوەش دوای دوورخستنەوەی سەرۆک وەزیری پێشووی بەنگلادیش شێخ هاسینا دوای خۆپیشاندانە کوشندەکان.

هەفتەی ڕابردوو یونوسی ڕاوێژکاری باڵا وتی حکومەتەکە داوای 5 ملیار دۆلار دەکات بۆ یارمەتیدان لە جێگیرکردنی ئابوورییەکدا کە لە دوای جەنگەکەی ئۆکرانیاوە کۆشش دەکات بەهۆی زیادبوونی نرخەکانی سوتەمەنی و هاوردەکردنی خۆراکەوە. ساڵی ڕابردوو بەنگلادیش داوای 4.7 ملیار دۆلاری کرد لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی.

دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا وتی 202 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ بەنگلادیش دابین دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە فەرمانڕەواییەکی باش و دەرفەتێکی باشی کۆمەڵایەتی و مرۆیی و ئابووریی، ئەمەش لە ڕێککەوتنێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە لە داکا واژۆ کرا.

ئەمەش دوابەدوای ڕێککەوتنێکی ساڵی 2021 دێت کە تێیدا دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا بەڵێنیدا لە ماوەی نێوان ساڵانی 2021 ەوە بۆ ساڵی 2026 کۆی 954 ملیۆن دۆلار بدات بە بەنگلادیش، تاوەکو ئێستا 425 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە دراوە بە بەنگلادیش.

یونوس هەوڵی دەستکەوتنی پشتیوانی ئەمەریکای داوە لە یارمەتیدان لە دووبارە بونیادنانەوەی بەنگلادیش و جێبەجێکردنی چاکسازییە سەرەکییەکان لە دامەزراوەکانی دەسەڵاتی دادوەریی و پۆلیس و داراییدا، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سەرمایانەی کە لەلایەن ڕژێمەکەی پێشووەوە دزراون، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەک کە ئۆفیسەکەی یونوس بڵاویکردووەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG