Accessibility links

ئەمەریکا بە نیازە تەقەمەنی کۆکراوە بدات بە ئۆکرانیا


ئەمەریکا ڕایگەیاند وەکو بەشێک لە یارمەتییە سەربازییەکانی، تەقەمەنی کۆکراوە ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات کە بە شێوەیەکی بەرفراوان قەدەغە کراون، لە بڕیارێکدا کە ئۆکرانیا دەڵێت " کاریگەرییەکی دەروونی سەرسوڕهێنەری " دەبێت لەسەر هێزە داگیرکەرەکانی ڕووسیا.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان باسی لە بابەتی پێدانی تەقەمەنی کۆکراوە کرد بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش پێش ڕاگەیاندنە پێشبینیکراوەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لەسەر ئەو بابەتە.

سۆلیڤان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەزانین کە تەقەمەنی ' بۆمبی ' کۆکراوە مەترسی دەبێت لەسەر زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی سڤیل بەهۆی ئەو بۆمبانەوە کە ڕەنگە نەتەقنەوە. لەبەر ئەوەیە تاوەکو توانیمان خۆمان بە دوورگرت لەو بڕیارە."

وتیشی " بەڵام مەترسییەکی گەورەی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی سڤیل هەیە ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا و تانکەکانییان بەسەر شوێنەکانی ئۆکرانییەکاندا بڕۆن و ناوچەی زیاتری ئۆکرانیا بگرن و هاووڵاتی زیاتری ئۆکرانی ژێردەستە بکەن، بەس لەبەرئەوەی کە ئۆکرانیا تۆپهاوێژی پێویستی نییە."

تەقەمەنی ' بۆمبی ' کۆکراوە لەلایەن زیاتر لە 100 وڵاتەوە قەدەغە کراوە. بۆمبەکە کاتێک دەتەقێندرێت، چەندین بۆمبی بچووکی لێدەبێتەوە و بە ناوچەیەکی بەرفراواندا بڵاودەبنەوە و ئەو بۆمبە بچووکانەشی کە ناتەقنەوە دوای دەیان ساڵ لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەوە هێشتا هەر مەترسییان دەبێت.

سۆلیڤان وتی " ئۆکرانیا بە نووسین دڵنیایی داوە کە زۆر بە وریاییەوە ئەو بۆمبە بەکاردەهێنێت "، ئەوەش لە پێناو کەمکردنەوەی مەترسییەکاندا بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل.

ڕێکخراوە مرۆییەکان دژایەتی بڕیارەکەی واشنتن دەکەن، بەڵام بۆمبەکە ڕەنگە تواناکانی هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیا بۆ گرتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی زیاتر بکات.

وتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێک سەبارەت بەو بابەتە پرسیاری لێکرا، وتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش دژی بەکارهێنانی بەردەوامی بۆمبە کۆکراوەکانە.

ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری ئەڵمانیای هاوپەیمانی ئەمەریکا ئەنالینا بێربۆک وتی دژایەتی ڕەوانەکردنی بۆمبی کۆکراوە دەکات بۆ ئۆکرانیا. ئەڵمانیا یەکێکە لەو 111 وڵاتەی کە ئەندامن لە پەیماننەیەکدا سەبارەت بە بۆمبی کۆکراوە. ئەمەریکا ئەندام نیە لە پەیماننامەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG