جەنەڕاڵی باڵای ئەمەریکا بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگەکان بۆ خۆبەدوورگرتن لە هەر پەرەسەندنێکی نوێی گرژییەکان کە دەکرێت ببێتە هۆی کەوتنەوەی ململانێیەکی بەرفراوانتر، لە کاتێکدا کە ناوچەکە لە ژێر مەترسی ئەگەری هێرشی ئێراندایە بۆ سەر ئیسڕائیل.
جەنەڕاڵی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا سی کیو بڕاونی سەرکردەی ئەرکانی هاوبەشی گشتی سەردانەکەی لە ئوردن دەستپێکرد و وتی لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی میسڕ و ئیسڕائیلیش دەکات تاوەکو گوێبیستی دیدی سەرکردە سەربازییەکان ببێت.
سەردانەکەی لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان دەدات لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، بڕاون وتی ئەو ڕێککەوتنە " یارمەتیدەر دەبێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە."
وتی " هاوکات لە کاتێکدا قسە لەگەڵ هاوتاکانمدا دەکەم، ئەو شتانە چین کە دەتوانین بیکەین بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێک و دڵنیابوونەوە لەوەی هەموو هەنگاوە گونجاوەکان بگرینەبەر بۆ خۆبەدوورگرتن لە ململانێیەکی بەرفراوانتر."
لە ماوەی جەنگەکەی غەززەدا کە بە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق و ئوردن لەلایەن ئەو گروپە چەکدارییانەوە هێرشییان کراوەتە سەر کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات.
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو سوپای ئەمەریکا هێزەکانی پتەوتر کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە مەبەستی پاراستنییان دژی هێرشی نوێی ئێران یاخود هاوپەیمانەکانی، گروپی هێرشبەری کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکنی ڕەوانەی ناوچەکە کرد تاوەکو شوێن گروپی هێرشبەری کەشتی فڕۆکە هەڵگری ثیۆدۆر ڕۆزێفێڵت بگرێتەوە.
ئەمەریکا یەکەیەکی فڕۆکەی F-22 ی شەڕکەری هێزی ئاسمانی و ژێرئاوگەڕی موشەکی کروزی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
بڕاون وتی " توانای زیاترمان هێناوە بۆ ئەوەی پەیامێکی بەهێز بنێرین بۆ ڕێگریکردن لە ململانێیەکی بەرفراوانتر، بەڵام بۆ پاراستنی هێزەکانیشمان ئەگەر هێرشییان بکرێتەسەر." وتیشی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا " گرنگترین شتە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز