سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەکاتی پیرۆزبایی کردن لە دانۆڵد ترامپ بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژرادنەکاندا، سەرۆکی هەڵبژێردروی ئەمەریکای وەک "هاوڕێ" ناوبرد و هەروەها بانگهێشتی کرد بۆ سەردانیکردنی تورکیا، ئەمەش سەرەڕای گرژییەکان لە نێوان دوو وڵاتەکەدا کە هەندێکیان لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترامپدا سەرییان هەڵداوە.
لێرەدا چاوێک بەسەر هەندێک لە گرژییەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە دەخەینەڕوو:
تورکیای ئەندام لە ناتۆ و زلهێزێکی سەربازیی لە ناوچەکەدا، ساڵی 2019 دا بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپی توڕە کرد بە کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا S-400، لە وەڵامدا ئەمەریکا پلانەکانی هەڵوەشاندەوە بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری F-35 بە تورکیا و ئەو وڵاتەی لە پڕۆگرامی ئەو جۆرە فڕۆکەوانە دەرکرد.
لە کۆتایی ساڵی 2020 دا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر پیشەسازی بەرگری تورکیادا پەسەند کرد لەسەر کڕینی S-400 لە ڕووسیا.
ڕەخنەی سەرەکی تورکیا لە ئەمەریکا پشتیوانییەکانی واشنتنە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کوردەکان ڕابەرایەتی دەکەن و هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکا بوون لە شەڕی داعشدا لە باکووری سوریا.
دوای دەستبەسەرکردنی قەشەیەکی ئەمەریکایی ئاندرو برونسن لە تورکیا، لیرەی تورکی بە شێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی دابەزی و قەیرانی ئابووری لەو وڵاتەدا دروست کرد.
دوای ئەوەی برونسن دەستگیرکرا لەسەر ئەوەی گوایە پەیوەندی بە هێزە کوردییەکان و فەتحوڵا گولەنی سەرکردەی ڕێکخراوێکەوە هەبووە کە تورکیا دەڵێت بەرپرس بووە لە کودەتا شکست خواردووەکەی ساڵی 2016، کۆشکی سپی ترامپ سزای بەسەر دوو وەزیری حکومەتەکەی تورکیادا سەپاند، هەروەها لە سەدا 20 باجی گومرگی خستەسەر ئەلەمنیۆمی تورکیا و لە سەدا 50 لەسەر پۆڵای تورکیا.
تورکیا لە وەڵامدا لە سەدا 120 باجی گومرگی خستەسەر ئوتومبێلە ئەمەریکاییەکان و باجی گومرگی لە سەدا 140 خستە سەر کحول. بەڵام لیرەی تورکی لە دابەزیندا بوو.
برونسن دواجار ئازادکرا و لە ساڵی 2018 دا ڕەوانەی ئەمەریکا کرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە بە تۆمەتی یارمەتیدانی تیرۆر تۆمەتبارکرا.
لە ساڵی 2019 دا ئەمەریکا باجی گومرگی لەسەر پۆڵای تورکیا کەمکردەوە بۆ لە سەدا 25، تورکیا باجی گومرگی لەسەر هەندێک لە شتومەکی ئەمەریکایی کەمکردەوە.
لە هەمان کاتدا تورکیا دژایەتی داگیرکاریی ڕووسیای کردووە لە ئۆکرانیا و دڕۆنی داوە بە ئۆکرانیا، بەڵام دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاواشی کردەوە بۆ سەر ڕووسیا، هەروەها پێشوازی لە گەشتیار و کۆچبەری زیاتری ڕووسیایی کردووە، بەو کەسایەتییە دەوڵەمەندانەی ڕووسیاشەوە کە هەوڵی دۆزینەوەی پەناگەیەکی پارێزراو دەدەن.
واشنتن داوای لە ئەنکەرە کردووە ڕێگە نەدات ئەو کەلوپەلانەی تورکیا بچێت بۆ ڕووسیا کە دەکرێت بەکاربهێندرێن لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا دژی ئۆکرانیا، هەروەها سزای بەسەر چەندین کۆمپانیای بچووکتری تورکیادا سەپاندووە لەسەر پێشێلکردنی سزاکانی سەر ڕووسیا.
ئەردۆغان تەنها سەرکردەیە لە ناتۆدا کە هێشتا بەردەوام قسە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا دەکات، هەروەها میوانداری گفتوگۆکانی نێوان کیێڤ و مۆسکۆی کرد لە ساڵی 2022 دا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز