Accessibility links

ئەمەریکا بەمزووانە دووبارە باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤ دەکاتەوە


ئەمەریکا بەڵێنیدا دووبارە باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیایان کرد و ستایشی سەرکەوتنەکانی تاوەکو ئێستای ئۆکرانیایان کرد دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

هەردوو وەزیرەکە وتیان ئەوەی کە توانیویانە بێن بۆ کیێڤ بەڵگەیە لەسەر تۆکمەیی ئۆکرانیا لە ناچارکردنی مۆسکۆ بۆ دەستبەرداربوون لە هێرشەکانی بۆ سەر کیێڤ، هەروەها بەڵێنیاندا یارمەتی زیاتری ئۆکرانیا بدەن تاوەکو هێزەکانی ڕووسیا دووربخەنەوە کە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵات شەڕ دەکەن.

ئۆستن لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " ئەوەی ئێوە کردووتانە لە بەرپەرچدانەوەی ڕووسییەکاندا لە شەڕی کیێڤ سەرسوڕهێنەرە و هانی سەرانسەری جیهانی داوە. ئێمە لێرەین تاوەکو بە هەرشێوەیەک بێت پشتیوانیتان بکەین."

بلینکن وتی " هۆکاری گەڕانەوەمان بۆ ئێرە تۆ بوویت، بەهۆی ئەو ئازایەتییە بێوێنە و سەرکردایەتیەتەوە بووە کە لە دوورخستنەوەی دوژمنکارییەکانی ڕووسیادا پیشانت داوە."

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئۆستن و بلینکن بەڵێنی 713 ملیۆن دۆلاری دیکەیان داوە بۆ یارمەتیدانی حکومەتەکەی زێلێنسکی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. بەرپرسێکی دیکە وتی 322 ملیۆن دۆلاری دیکەی ئەمەریکا وەکو یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا کۆی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا زیاد دەکات بۆ 3.7 ملیار دۆلار، ئەمەش تەنها لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی کۆبوونەوەکەی نێوان ئۆستن و بلینکن لەگەڵ زێلێنسکی سێ کاتژمێری خایاندووە.

بلینکن دوای گەڕانەوەی لە پۆڵەندا وتی " لەڕووی ئامانجەکانی ڕووسیاوە، ئێستا ڕووسیا لە ئۆکرانیا شکستی هێناوە و ئۆکرانیا سەرکەوتووە."

بلینکن وتیشی دیبلۆماتکارە ئەمەریکییەکان سەرەتا دەگەڕێنەوە بۆ لڤیڤ و دواتریش لەماوەی چەند هەفتەیەکدا دەگەڕێنەوە بۆ کیێڤ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG