ڕاوێژکارێکی باڵای سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە گوتی ئەمەریکا سەرکردەیەکی ئۆکرانیایی دەوێت کە ئامادەبێت ئاشتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ ڕووسیادا بە دەستبهێنێت، بەڵام ئەوە ڕوون نییە کە ئایا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ئامادەیە ئەوە بکات یان نا.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی مایک واڵتز وتی واشنتن دەیەوێت ئاشتییەکی هەمیشەیی لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا بێنێتە ئاراوە کە تێیدا دەبێت سازش لەسەر خاک بکرێت لە بەرامبەر گرەنتییە ئاسایشییەکاندا کە ئەوروپا سەرپەرشتییان دەکات.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ترامپ دەیەوێت زێلێنسکی دەست لە کاربکێشێتەوە، واڵتز بە پڕۆگرامێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی وت " ئێمە پێویستمان بە سەرکردەیەکە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا بکات و دواجار بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ڕووسیادا بکات بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە."
واڵتز وتی " ئەگەر دەربکەوێت پاڵنەرە تایبەتی یاخود پاڵنەرە سیاسییەکانی سەرۆک زێلێنسکی دوورە لە کۆتایی هێنان بە شەڕەکەوە لە وڵاتەکەیدا، ئەوا ئەو کاتە پێم وایە کێشەیەکی ڕاستەقینەمان لەبەردەستدا دەبێت."
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسنیش پێشنیاری ئەوەی کرد کە سەرکردەیەکی جیاواز ڕەنگە پێویست بێت لە ئۆکرانیادا ئەگەر زێلێنسکی پابەند نەبێت بە داواکانی ئەمەریکاوە.
جۆنسن وتی " شتێک دەبێت بگۆڕێت. یان ئەوەتا پێویستە ئەو بێتەوە سەر هۆشی خۆی و بە سوپاسگوزارییەوە بگەڕێتەوە سەر مێزەکە، یان پێویستە کەسێکی دیکە سەرکردایەتی وڵاتەکە بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."
وتی " ڕوون نەبوو بۆ ئێمە کە ئایا سەرۆک زێلێنسکی ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن و نیازی باشە بەرامبەر کۆتایی هێنان بەم جەنگە یان نا."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆش وتی لە ڕۆژی هەینییەوە قسەی لەگەڵ زێلێنسکیدا نەکردووەتەوە.
ڕوبیۆ وتی لە دوای گفتوگۆکەی نێوان ترامپ و زێلێنسکییەوە قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئاندری سیبیهاشدا نەکردووە.
ڕوبیۆ وتی " ئێمە ئامادەین گفتوگۆ بکەینەوە کاتێک ئەوان ئامادە دەبن بۆ ئاشتی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ڕاوێژکارێکی سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەمەریکا سەرکردەیەکی ئۆکرانیایی پێویستە کە ئاشتی بوێت
