ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ڕەوانەکردنی ئەوەی کە ڕووسیا بە هێزی ئاشتی پارێز ناودێری دەکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا " بێ مانایە " و بڕیارەکەی مۆسکۆ بۆ ناساندنی دوو هەرێمەکە وەکو دوو ناوچەی سەربەخۆ، بەشێکە لە پاساوەکەی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد لە کۆبوونەوە بەپەلەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی " دەرەنجامی کارەکانی ڕووسیا لە سەرانسەری ئۆکرانیا و ئەوروپا و جیهانیشدا بە ئازار دەبێت."
تۆماس گرینفیڵد وتی " سەرۆک پوتن ڕێکەوتنەکانی مینسکی دڕیوە. ئێمە ڕوون بووین لەسەر ئەوەی بڕوامان بەوە نیە کە لەوەدا دەوەستێت." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ڕێکەوتنەکانی ساڵی 2014 و 2015 کە ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە ململانێکانی نێوان هێزەکانی جیاخوازەکان بە پشتیوانی ڕووسیا و هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا.
ئۆکرانیا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد دوای ئەوەی ڕووسیا دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی وەکو دوو ناوچەی سەربەخۆ ناساند. هەشت ئەندامی ئەنجومەنەکە، کە هەریەک لە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسایان تێدا بوو، پشتیوانیان لە داواکەی ئۆکرانیا کرد.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش پێی وایە ڕووسیا بە بڕیارەکەی بۆ ناساندنی دوو هەرێمەکە سەروەری خاکی ئۆکرانیای پێشێل کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز