وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن فەرمانی بە کەشتیە جەنگیە فڕۆکە هەڵگرەکانی ئەمەریکا کردووە لەجیاتی ئەوەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕۆن لە ناوچەی دەریای ناوەنددا بمێننەوە، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانیەکاندا سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.
بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی گۆڕانکارییەکان لە خشتەی کارەکانی کەشتی جەنگی ئەمەریکی یو ئێس ئێس هاری ئێس ترومان و ئەو پێنج کەشتیە جەنگیە ئەمەریکیەی کە هاوەڵی دەکەن، ڕەنگدانەوەی پێویستیەکانە بۆ مانەوە لە ئەوروپا. ئەوە پێویستە بۆ دڵنیا کردنەوەی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئۆکرانیا دەڵێن ڕوسیا نزیکەی 100,000 سەربازیی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە و توسی نیگەرانی کردوون، لەکاتێکدا نیگەرانیەکان سەبارەت بە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە لە زیادبووندایە.
لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای بەشێوەیەکی تاکلایەنانە گرتەخۆی و دواتریش لە هەمان ساڵدا پشتیوانی لە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کرد لە شەڕیاندا دژی هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا. شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 14,000 کەس و زیانێکی گەورەی بە شاری پیشەسازی دۆنباسی ئۆکرانیا گەیاندووە.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس