Accessibility links

دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکا بە تەنگەی تایواندا تێپەڕ دەبن


دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە بە تەنگەی تایواندا تێپەڕین، ئەمەش یەکەمین ئەرکی لەوجۆرەیە لەدوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسییەوە بۆ تایوان.

هێزی دەریایی ئەمەریکا وتی دوو کەشتی جەنگی وڵاتەکە ' چانسیلۆرڤیڵ و ئەنتیتام ' لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەدان. ئەو جۆرە ئەرکانە هەشت بۆ دوانزە کاتژمێر دەخایەنن و لە نزیکەوە لەلایەن سوپای چینەوە چاودێری دەکرێن.

لەم ساڵانەی دواییدا کەشتیە جەنگییەکانی ئەمەریکا و هەندێک جاریش کەشتییە جەنگییەکانی بەڕیتانیا و کەنەدا بەشێوەیەکی ڕۆتینی بە تەنگەی تایواندا تێپەڕیون، ئەمەش چینی توڕە کردووە کە تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت.

هێزی دەریایی ئەمەریکا وتی " ئەم کەشتییانەی ئەمەریکا بە ڕێڕەوێکی تەنگەکەدا تێپەڕیون کە دوورە لە سنووری ئاوی هەر وڵاتێکی سەر کەناراوەکانەوە."

وتیشی ئەرکەکە ئەوە دەردەخات ئەمەریکا پابەندە بە ناوچەیەکی کراوە و ئازادی هیندۆ پاسێفیکەوە، سوپای ئەمەریکا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان فڕۆکە و کەشتییەکانی بەکاردەهێنێت.

سەرکردایەتی ڕۆژهەڵاتی سوپای چین وتی شوێن کەشتییەکان کەوتوون و هۆشدارییان داونەتێ.

وتی " هێزەکان لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشیدان و ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر کارێکی وروژێنەرانە لە هەر کاتێکدا بێت."

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی کەشتییەکان بە ئاڕاستەیەکی باشووریی ڕۆیشتوون و هێزەکانی تایوان چاودێرییان کردووە، بەڵام " ڕەوشەکە ئاسایی بووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG