Accessibility links

کۆشکی سپی پێشوازی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان سەرۆکی چین و سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات


وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی
وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی

کۆشکی سپی پێشوازی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان سەرۆکی چین شی جین پینگ و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کرد، بەڵام وتی هێشتا زۆر زووە بزانین ئایا پەیوەندییەکە دەبێتە هۆی ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا یاخود نا.

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونییەکە وتی " ئێستا، ئایا ئەمە دەبێتە هۆی جووڵەیەکی ئاشتی مانادار، پلانێک یاخود پێشنیارێک، لە ئێستادا پێم وانیە بزانین."

بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە، سەرۆکی چین شی جین پینگ و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە گفتوگۆیان کرد. هەروەها دوای چەند مانگێک هات لە فشارەکانی ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە گفتوگۆیانە.

کیربی وتی " لە مێژە وتوومانە دەمانەوێت ئەم جەنگە کۆتایی بێت. دەکرێت دەستبەجێ کۆتایی پێبێت ئەگەر پوتن بیەوێت بڕوات، ئەوەش وادیار نیە لە ئارادا بێت."

کیربی وتی " ئەگەر ئاشتییەک هەبێت گفتوگۆی لەسەر کرابێت، ئەوا دەبێت کاتێک بێت کە سەرۆک زێلێنسکی ئامادەبێت بۆی." وتیشی ئەمەریکا " پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و متمانەپێکراو و هەمیشەیی."

کیربی وتیشی ئەمەریکا پێشتر ئاگاداری پەیوەندییە تەلەفونییەکە نەبووە و پێشبینیشی نەکردووە پێویست بێت ئاگادار بێت.

کیربی وتی " ئەمانە سەرۆکی خاوەن سەروەرن و خۆشحاڵین دەیانبینین گفتوگۆ دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG