Accessibility links

پەنتاگۆن دەڵێت ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەمێنێتەوە


دانیێڵ شاپیرۆی جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت ئەمەریکا بوونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەپارێزێت و ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی گروپە یاخیبووە چەکدارییەکانی سوریا ڕایانگەیاند حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدییان ڕووخاندووە، شاپیرۆ داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزن، بە تایبەتی کەمینەکان، هەروەها داوای لێکردن ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن.

شاپیرۆ لە کۆنفرانسی ئاسایشی مەنامە دایالۆگ لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین وتی " ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە هەلومەرجە بێسەروبەرەکەی ناو سوریا ڕەنگە بوارێک بدات بە داعش بۆ دۆزینەوەی توانایەک بۆ چالاک بوون، بۆ پلاندانان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەکی، ئێمەش سوورین لەسەر کارکردن لەگەڵ ئەو هاوبەشانەدا بۆ بەردەوامیدان بە کەمکردنەوەی تواناکانییان."

شاپیرۆ وتیشی " ئێمە سوورین لەسەر دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیدان بە شکستی داعش، بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی ئەو زیندانانەی کە چەکدارانی داعشیان تێدایە و هەروەها گەڕاندنەوەی ئاوارەکان."

هەیئەت تەحریر شام کە سەرکردایەتی گروپە چەکدارییە یاخیبووەکانی کرد لە پێشڕەویکردن بە سەرانسەری ڕۆژئاوای سوریادا، پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرابوو کە لقێکی سەر بە ئەلقاعیدە بوو، بەڵام ئەبو محەمەد ئەل گۆلانی سەرکردەی گروپەکە لە ساڵی 2016 دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەلقاعیدەدا تێکدا.

حکومەتەکانی ڕۆژئاوا کە چەندین ساڵە دەوڵەتەکەی ئەسەدییان پەراوێز خستووە، دەبێت ئێستا بڕیار بدەن چۆن مامەڵە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکی نوێدا بکەن کە بڕیارە هەیئەت تەحریر ئەلشام دەسەڵاتی هەبێت تێیدا. گروپەکە لە سەرانسەری جیهاندا بە گروپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG