بەپێی باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکا ڤیتۆ بەکاردەهێنێت دژی پلانێکی جەزائیر کە ڕەنگە بهێندرێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و تێیدا داوای دەستبەجێ ئاگربەست دەکات لە جەنگەکەی ئیسڕائیلدا لە غەززە.
ڕۆژی شەممە باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی ئەمەریکا چەندین مانگە کاردەکات بۆ دۆزینەوەی " چارەسەرێکی بەردەوام " بۆ ململانێکەی غەززە " کە ئارامییەکی دەستبەجێ بۆ ماوەی شەش هەفتە لە غەززە دروست دەکات، لەوێشەوە دەتوانین کاتی زیاترمان هەبێت و هەنگاو بنێین بەرەو ئاشتییەکی بەردەوامتر."
وتی ئەو پلانەی ئەمەریکا کە لەگەڵ ئیسڕائیل و میسڕ و ئەوانی دیکەدا کاری لەسەر کردووە " باشترین دەرفەت دەبێت بۆ یەکخستنەوەی بارمتەکان لەگەڵ خێزانەکانییاندا و ڕێگە بە وەستانێکی درێژخایەن دەدات لە شەڕەکەدا، ئەوەش ڕێگە دەدات یارمەتییەکی زیاتری ژیان ڕزگارکەر و خۆراک و ئاو و سوتەمەنی و پێویستییەکانی دیکە بگاتە دەست ئەو هاووڵاتییە سڤیلە فەلەستینییانەی کە زۆر پێویستییان پێیەتی."
وتی پلانەکەی جەزائیر هەمان ئەنجامی نابێت و " ڕەنگە دژی پلانەکەی ئێمە بێت." وتی ئەگەر پلانەکەی جەزائیر بهێندرێتە بەردەم دەنگدانێک " پەسەند ناکرێت."
بەرپرسانی نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەل ئەقسا بە سی ئێن ئێنییان وت هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی شەممەی ئیسڕائیل لە سەرانسەری ناوەڕاستی غەززەدا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 68 کەس.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهان و وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێن نەخۆشخانەی ناسڕ لە شاری خان یونسی باشووری غەززە چیتر کاری تێدا ناکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆیتەرزی وت " نەخۆشخانەی ناسڕ بە تەواوەتی کاری تێدا وەستاوە." وتی تەنها چوار کارمەند خزمەتی نەخۆشەکان دەکەن.
وتی " وەستانی نەخۆشخانەکە لە کارکردن سزای مەرگە بۆ سەدان هەزاران ئاوارەی فەلەستینی لە خان یونس و ڕەفەح."
لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی تەندروستی جیهان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە " نەخۆشخانەی ناسڕ چیتر کاری تێدا ناکرێت، ئەوەش دوای گەمارۆدانی نەخۆشخانەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک و هێرشکردنە سەری."
وتی ڕۆژی هەینی ڕێکخراوەکە ڕێگەی پێنەدراوە دەستی بگات بە نەخۆشخانەکە تاوەکو " هەڵسەنگاندنێک بکات بۆ بارودۆخی نەخۆشەکان و پێویستییە گرنگەکانی تەندروستی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوەکە شان بە شانی هاوبەشەکانی گەیشتوونەتە بینای نەخۆشخانەکە و سوتەمەنییان پێداون."
بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تیدرۆس ئادهانۆم وتی نزیکەی 200 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە، لانیکەم 20 نەخۆشییان " پێویستییان بەوەیە بەپەلە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە تاوەکو چارەسەر وەربگرن، گواستنەوەی نەخۆش مافی هەموو نەخۆشێکە."
وتی " ئەگەر گواستنەوەی نەخۆشەکان دوابکەوێت، ئەوا نەخۆشەکان بە ژیانی خۆیان باجی ئەوە دەدەن."
ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی تەندروستی غەززە وتی تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە لە غەززە 28,985 فەلەستینی کوژراون و 68,883 کەسی دیکە بریندار بوون. هێرشەکانی ئیسڕائیل دژی چەکدارانی حەماس لە غەززە دوای ئەوە هات حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل. وەزارەتەکە وتی لە بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 127 فەلەستینی کوژراون و 205 کەسی دیکە بریندار بوون. دەشڵێت زۆربەی قوربانییە فەلەستینییەکان ژن و منداڵ بوون.