سەنتەری چاودێری دەرمان لە بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەو کەسانەی کە مێژووییەکی بەرچاوی ئالژیان(حەساسیەت یان هەستیاری) هەیە، نابێت ڤاکسینە نوێکەی فایزەرو بایۆنتێک وەربگرن. ئەم ڕێنماییەش پاش ئەوە ڕاگەیەندرا کە دوو لەو کەسانەی ئالژیان هەبووە تووشی حاڵەتی نەخوازراو بوون و لە ئێستاشدا لە ژێر چاودێریدان.
پرۆفیسۆر ستیفێن پۆویس، بەڕێوەبەری پزیشکی نیشتمانی بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی لە بەریتانیا ڕایگەیاند کاربەدەستانی تەندروستی بە ڕاسپاردەیەک لە لایەن دەزگای ڕێکخستنی بەرهەمە تەندروستی و پزیشکییەکان لە ئیستادا لە سەر ئەو پرسە کار دەکەن.
پۆویس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "وەک لە ڤاکسینە نوێکاندا باوە، ئاژانسی ڕێکخستنی دەرمان و بەرهەمە تەندروستییەکان ئامۆژگاریی ئەوەیان کردووە کە بۆ ئاگاداری زیاتر ئەو کەسانەی کە لە ڕابردوودا ئالژیان هەبووە ڤاکسینەکە وەرنەگرن و ئەم داواکارییەش دوای ئەوەبو ڕۆژی سێشەممە دوو کەس کە پێشتر ئالژیان هەبووە دوای ئەوەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە بارۆدۆخی لەشیان پێی تێکچووە. پۆویس گووتیشی " ئەو کەسە لە ئێستادا لە چاکبوونەودان".
ئەم قسانە دوای ئەوە بڵاو بوویەوە کە دکتۆر جوون ڕەین سەرۆکی ئاژانسی ڕێکخستنی دەرمان و بەرهەمەکانی تەندروستی بە لێژنەیەکی پەرلەمانی ڕاگەیاند کە بە ئەوان ڕاگەینداروە دوو کەس دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە لەشیان بەرامبەر بە ڤاکسینەکە کاردانەوەی هەبووە.