زۆرانبازێکی ئێرانی کە بە هۆی ئەوەی گوایە پاسەوانی ئاسایش لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی دژی حکومەت لە ساڵی 2018 دا کوشتووە سزای لەسێدارەدانی دراوە، بە پێی سەرچاوەیەکی کە زانیاری لەسەر بابەتەکە هەیە سزاکەی لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە وەکو خۆی هێڵرایەوە، سەرەڕای ئەوەی لە دانپیانانەکەی پاشگەزبۆتەوە کە دەڵێت لە ژێر ئەشکەنجەداندا داویەتی.
لە میانەی وتووێژێکیدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا سەرچاوەکەی کە نزیکە لە بنەماڵەی نەوید ئەفکاری سەنگاری، گوتی دادگای باڵای ئێران لە 15 ی مانگی هەشتدا سزای لەسێدارەدانەکەی پەسەند کرد، ئەم بڕیارەش هەنگاوێک نزیکتری دەکاتەوە لە ئەگەری لەسێدارەدانی. ئاژانسی هەواڵی میزانی دادوەری ئێران، لە تویتێکی ڕۆژی دووشەممەدا بڕیارەکەی دادگای باڵای پشتڕاست کردەوە بەبێ ئەوەی بەرواری ئەو حوکمە دیاری بکات.
ئەفکاری تەمەن 27 ساڵان زۆرانبازێکی ئێرانی خەڵکی شاری شیرازە کە چەندین مەدالیای لە پێشبڕکێ خۆجێهی و جیهانییەکاندا بەدەستهێناوە.
دادگای تاوانی ئوستانی فارس، کە شیراز پایتەختەکەیەتی، بە تاوانی کوشتنی پاسەوانێکی ئاسایشی خۆجێهی دەزگایەکی ئاوی حکومەت، لە 2ی مانگی هەشتی ساڵی 2018دا، سزای لەسێدارەدانی ئەفکاری دا. کوشتنی حەسەن تۆرکەمان لە پەراوێزی ناڕەزاییەکانی دژە حکومەت لە شیراز و شارەکانی دیکە لە دژی خراپتربوونی دۆخی ئابووری ئێران ڕوویدا لە ناویاندا دابەزینێکی زۆری بەهای دراوی وڵاتەکە.
کاربەدەستان لە شیراز ئەفکاری و وەحیدی برایان لە 17 ی مانگی 9 ی ساڵی 2018 لە پەیوەندی بەو کوشتنەوە دەستگیر کرد و لە کۆتایی هەمان ساڵدا سێهەم برایان حەبیبیش دەستگیر کرا. هەرسێکیان لە زیندانی عادل ئابادی شیراز مانەوەو لە یەکتر جیا کرانەوە.
دادگای تاوانی ئوستانی فارس سزای مەرگی بەسەر نەویددا سەپاند و و وەحیدیشی بۆ 27 ساڵی زندانی کردن سزادا بە تاوانی هاوکاری کردن لەو کوشتنەدا.
هەر سێ براکە لەلایەن دادگایەکی جیای شۆڕشەوە لە شیراز بە چەندین تۆمەتی ئاسایشی لە ناویاندا گوایە تێوەگلان لە کوشتنی تۆرکەمان و ناڕەزایەکانی دژ بە حکومەت کە هاوکات بووە لەگەڵی، تاوانبار کران. ئەو دادگایە سزای دووهەمی لە سێدارەدانی بەسەر نەوییدا سەپاند بە تاوانی کە نێوی لێنراوە " موحارب " یان " دژایەتی کردنی خودا " و 27 ساڵ زیندانی بەسەر وحید و حەبیبدا سەپاند بەهۆی ئەوەی گوایە هاوکارییان کردووە.
سزاکەی دادگای شۆش دژ بە هەر سێ براکە ئێستا لە پرۆسەی پێداچوونەوەدایە.
بڕیارەکەی دادگای باڵا بۆ هێشتنەوەی سزاکەی دژ بە نەوید چارەنوسی خستۆتە بەردەست سەرۆکی دادوەری ئێران ئیبراهیم ڕەیسی. پارێزەرەکەی نوید، حەسەن یونسی دەتوانیت داوا لە ڕەئیسی بکات بە پێی مادەی 477 ی یاسای تاوانی ئێرانی ئەو سزایە ڕاگرێت. بە پێی ئەو مادەیە ڕەئیسی دەتوانیت فەرمان بە دادگای باڵا بدات سزایەک هەڵوەشێنێتەوە کە پێی وابێت لەگەڵ یاسای شەریعەتدا یەکناگرێتەوەو سزایەکی نوێ دەربکات.
هێشتا ڕوون نییە ئایە یونسی ئەوە داوایەی کردووە یان بیر لەوە دەکاتەوە داوا لە ڕەئیسی بکات تاوتوێی بڕیارێکی لەو جۆرە بکات. هیچ کاتێکی دیاری کراو بۆ هەنگاوێکی لەو جۆرە نییە و هیچ گەرەنتیەکیش نییە کە ڕەئیسی ئەو کارە بکات.
ئەو سەرچاوەیەی کە قسەی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا کرد گوتی حوکمەکەی هەر سێ براکە لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای ئەو دانپیانانانە بووە کە لەژێر ئەشکەنجەدان لە دەمی لێکۆلێنەوەکاندا بەدەستهاتوون. سەرچاوەکە گوتیشی نەوید و وەحیدیش بە کاربەدەستانی دادگایان گوتووە ئەوان ئەشکەنجەدرابوون بۆ بەدەستهێنانی ئەو دانپیانانانە، بەڵام لێدوانەکانیان پشتگوێخران.
لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بەهیە نامجو دایکی ئەو کوڕانە کە لە 30 مانگی هەشت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە، باس لەوە دەکات سێ کوڕەکەی چۆن ئەشکەنجە درابوون. ئەو دەڵێت نەوید دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە لە بەر ئەو فشارانەی خرابوونە سەری بۆ تاوانبارکردنی دوو براکەی.
نەوید و وەحید لە هەژمارەکانی خۆیاندا ئەو دەنگانەیان بڵاوکردۆتەوە کە لە زینداندا تۆمارکراوە کە دەڵێن چۆن ئەشکەنجە دراون و ئەو دەنگانە لەلایەن عەلیرەزا ڕۆشان چالاکوانی ئێرانی لە 30 و 31 ی مانگی هەشتدا بڵاو کرایەوە.
لە تۆمارە دەنگییەکەی نەویددا هاتووە، پشکێنەرێکی تەندروستی شیراز برینەکانی ئەشکەنجەدانەکەی بینیوە لە ناویاندا شکانی دەستی ڕاستیشی، و ئەوەشی نوسیوە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا وای لێهاتووە.
وەحید گوتی لێکۆڵەران زەرفێکی پلاستیکیان کردۆتە سەری، و بە زنجیر بۆ چەندین کاتژمێر لێیان داوە و بە کوتەک لە ژێر پێیەکانیان داوە.
سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت جگە لە دانپیانانی بەزۆرە ملێ نەبوونی نوێنەرایەتی یاسایی گونجاو بۆ برایانی ئەفکاریش حوکمەکانیانی نادادپەروەرانەتر کردووە. سەرچاوەکە ڕایگەیاند، کە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگەیان نەداوە نەوید و وەحید پارێزەرەکانی خۆیان هەڵبژێرن، فشاریان بۆیان بردووە تا لەلایەن ئەو پارێزەوە نوێنەرایەتی بکرێن کە حکومەت بۆیانی دابین کردووە، لە کاتێکدا حەبید پارێزەری هەر نەبووە.
لە کاتێکدا یونسی، پارێزەری دەستنیشان کراوە لەلایەن حکومەتەوە، ئەو کەسە نەبوو کە برا ئەفکارییەکان لە سەرەتاوە دەیانویست نوێنەرایەتییان بکات، ئەو بە ئاشکرا یەكێک لە بەڵگە سەرەکییەکانی دادگاییەکی ڕەتکردەوە بێجگە کشانەوەی دانپیانانەکان.
لە تویتێکی ڕۆژی دووشەممەدا، یونسی گوتی ئەو بەڵگانەی لە دادگاییەکەدا خراونەتە ڕوو کە بریتییە لە گرتەی کامێرای چاودێری ئەو شەقامەی تۆرکەمانی لێ کوژراوە ، کاتژمێرێک پێش کاتی ڕووداوەکە تۆمار کراوە نەک لە کاتی ڕووداوەکە یان لە کاتی دوایدا.
نەوید لە تۆمارە دەنگییەکەیدا دەڵێت " هیچ بەڵگەیەک نییە لەم دۆسێ نەفرینەدا کە نیشان بدات من تاوانبارم ، بەڵام ئەوان نایانەوێت گوێ بگرن. من هەستم کرد ئەوان بۆ گەردنێک دەگەڕێن بیکەن بە پەتی سێدارەیانەوە."
سەرچاوەکە دەڵێت بنەماڵەی ئەفکاری هیوایان نەماوە کە دەسەڵاتی داوەری ئێران کارێک بکات بەخشینی ئەو سێ برایە، ئەوان داوای یارمەتی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەن بۆ ئەوی بێتاوانی خۆیان بسەلمێنن.
ژمارەیەکی زۆری ئێرانییە بەکارهێنەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەم چەند ڕۆژەی دوواییدا بە تویت و ناردنی پەیام هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئەو سزا قورسە دەربڕیوە.