Accessibility links

لە شاشەی تەلەفیزیۆنە جیاوازەکانەوە ترامپ و بایدن لەسەر بەرپەرچەدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەگژیەکدا دەچنەوە


جۆو بایدن کاندیدی سەرۆکایەتی دیموکرات ڕۆژی پێنجشەممە ڕەخنەی لەوە گرت کە ئەو بە وەڵامی "پەشۆکاوی " سەرۆک دانۆڵد ترامپ ناودێری کرد، بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتێکدا ترامپ بەرگری لە مامەڵەکردنی خۆی کرد بۆ ئەو قەیرانەی کە زیاتر لە 217 هەزار ئەمەریکایی کوشتووە.

ڕکابەرەکان لە تۆڕە تەلەفیزیۆنە جیاوازەکانەوە هاوکات بەشداریان لە کۆبونەوەی پرسیار و وەڵامدا کرد. پاش ئەوەی ئەو دیبەیتەی کە بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت پوچەڵ کرایەوە بەهۆی ئەوەی سەرۆک ترامپ توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

ئەم شێوازی کۆبونەوەیە لە شاشە جیاوازەکانەوە وەبیرهێنانەوەی ئەوە بوو کە ئەو پەتایەی وای کردووە 18 ملیۆن کەس دەنگی پێشوەخت بدەن بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بەسەر هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەمەریکادا هێناوە.

بایدن لە کەناڵی ABC لە دەمی قسەکردنی لەگەڵ دەنگدەران لە پێنسلڤانیاوە سەرۆک ترامپی (کۆماری) تۆمەتبارکرد بە شاردنەوەی ئەندازەی کوشندەیی ئەو پەتایە کە هەتا ئێستا توشی نزیکەی 8 ملیۆن کەس بووە لە ئەمەریکادا.

بایدن گوتی " ئەو (ترامپ) گوتی بە کەسی نەگوتووە چونکە ترساوە کە ئەمەریکاییەکان بپەشۆکێن، ئەمەریکاییەکان ناپەشۆکێن ئەو پەشۆکابوو."

ترامپ بەرگری هەم لە شێوازی مامەڵەکردنی کرد لەگەڵ پەتاکە و هەم ئەنجامدانی بۆنەیەک لە باخچەی کۆشکی سپی کە خەڵکێکی کەم تیایدا دەمامکیان پێچابوو یان دوور لە یەک ڕاوەستابوون کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون.

ترامپ لە کەناڵی NBC یەوە لە کۆبونەوەیەکی کە لە شاری مەیامی لە دەرەوە لەبەردەم دەنگدەران ئەنجام درا گوتی " من سەرۆکم، پێوستە خەڵکی ببینم، ناتوانم لە ژێرزەمینێک بم." ئەو ڕەخنەی لە بایدن گرت بەهۆی بەفیڕۆدانی چەند مانگێکی هەڵمەتەکان لە کاتێکدا کە پەتاکە سەری هەڵدا.

ترامپ وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەدایەوە کە کەی دواین تاقیکردنەوەی کۆڤیدی نێگتیڤ بووە، گوتی بە تەواوەتەی بیری نییە.

ترامپ کە لە میانەی دیبەیتەکەی دوو هەفتەی ڕابوردوو چەند جارێک بە توندی قسەی بە بایدن بڕی، همان تۆنی بەکارهێنا چەند جارێکیش لەگەڵ ناوبژیوان سەڤانا گاتری مشتومڕی کرد.

ئە گوتی " چیرۆکی جیاوازی بیستووە" لەسەر کاریگەری دەمامک، هەرچەندە شارەزایانی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆی گوتویانە پێچانی دەمامک شتێکی سەرەکییە بۆ ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

سەرۆک ڕەتیکردەوە ئیدانەی QAnon بکات، ئەو تیرۆریە هەڵە پیلانگێڕییەی کە دیموکراتەکان بەشێکن لەئەڵقەیەکی پێدۆفیلی (مناڵباز) جیهانی، سەرەتا ستایشی پشتیوانانی کرد بۆ دژایەتیکردنی پێدۆفیلی پاشان گوتی هیچ شتێک لە بارەی ئەو بزوتنەوەیەوە نازانێت.

پاشان ترامپ خۆی لادا لە پرسیارەکان لەسەر لێکۆڵینەوەیەکی نیویۆرک تایمز لەسەر دوو دەیەی تۆماری باجەکانی، کە ئامادە نەبووە بە ئاشکاریی ڕایبگەیەنێت سەرەڕای ئوەی دەیان ساڵە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی بڵاوی دەکەنەوە.

بڕیار بوو دیبەیتی دووهەمی سەرۆکایەتی شەوی پێنجشەممە ئەنجام بدرایە بەڵام ترامپ لێی کشایەوەو پاش ئەوەی بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیار درا لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجام بدرێت. دیبەیتی داهاتوو بۆ 22 ی ئۆکتۆبەر دانراوە لە شاری ناشڤێڵی تێنسی ئەنجام بدرێت.

ترامپ کە سێ ڕۆژی لە نەخۆشخانەی لەشکری بەسەر برد پاش ئەوە دەستی کردۆتەوە بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەوەی. ڕاوەرگرتنە گشتییەکانی ڕۆیتەرز و ئیپسۆس نیشان دەدەن بایدن لە سەرانسەری وڵاتدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە پێشە ، هەرچەندە جیاوازییەکانی لە ویلایەتەکانی کە شوێنی یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنەکەیە کەمە.

دانیشتنی سینات بۆ پشتڕاستکردنەوەی دادوەر ئێمی کۆنی بێرێت، بەربژاری ترامپ بۆ پڕكردنەوەی کورسییەکەی دادگای باڵا، بووە هۆی وەڵامی زۆر وردی هەردوو کاندید. کۆمارییەکان هەوڵ دەدەن بەر لە هەڵبژاردنەکان بێرت لەو شوێە دانێن ئەمەش لە کاتێکدایە کە بۆ سەرۆکی پێشوی دیموکراتەکان باراک ئۆباما ڕێگەی ئەم کارەیان پێ نەدا کە لە ساڵی 2016 کەسێک بۆ دادگای باڵا دەستنیشان بکات، گوتیان لە جێی خۆی نییە لە ساڵی هەڵبژاردندا ئەم کارە بکرێت.

بایدن گوتی ئەو لەگەڵ پڕکردنی دادگادا نییە، ئەو بیرۆکەیەی کە لەلایەن هەندێک لە دیموکراتەکانەوە گەڵالە کراوە بۆ دانانی دادوەری زیاتر تا هاوسەنگی دروست بکەن بۆ ئەو کورسییەی کە پێیان وایە دزراوە. بەڵام رەتیشی نەکردەوە کاتێک پێشکەشکارەکە جۆرج ستیڤنئاپلس فشاری بۆ برد گوتی " ئەکەوێتە سەر ئەوەی ئەمە چۆن بەڕێوە دەچێت."

ترامپیش باس لەوە ناکات ئایا لەگەڵ ئەوەدایە مافی لەباربردنی منداڵ نەهێڵێت، ئەو دەرەنجامەی کە زۆرێک لە شارەزایانی یاسایی پێیان وایە بارێتی پارێزکار لە دادگا لەگەڵیدا دەبێت. ئەو گوتی " پێم وابێت ئەو بڕیارێکی زۆر باش دەدات پێم نەگووتووە چ بڕیارێک بدات."

وەکو نیشانەیەکی سوربوونی دیموکراتەکان بۆ شکستپێدانی ترامپ لە ماوەی چەند مانگی ڕابوردوودا پارەیەکی زۆر چووە سەرچاوەکانی ئەو حزبەوە.

ڕێکخراویActBlue ی کۆکردنەوەی پارە بۆ دیموکراتەکان ڕۆژی پێنجشەممە گوتی 1 ملیار و 500 ملیۆنی لە مانگی 7 بۆ مانگی 9 کۆکردۆتەوە ئەمەش زۆرترینە کە لە ماوەی سێ مانگدا کۆکرابێتەوە. لەبەرامبەریشدا ڕێکخراوی WinRed ی کۆکردنەوەی پارە بۆ کۆمارییەکان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لەو ماوەیەدا 623 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری کۆکردۆتەوە.

هەڵمەتەکانی بایدن 383 ملیۆن دۆلاری لە مانگی 9دا کۆکردۆتەوە، هەڵمەتەکانی ترامپ ژمارەی مانگانەی بڵاو نەکردۆتەوە.

هەردوو کاندید لەم هەفتەیەدا سەردانی ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانیان کردوو و ترامپ کۆبونەوەی جەماوەری لە فلۆریدا، پێنسلڤانیا، ئایەوا ئەنجام داوە بایدنیش سەردانی ئۆهایۆ و فلۆریدا دەکات.

XS
SM
MD
LG