بەرپرسانی ناوخۆی پایتەختی ئەمەریکا واشنتن ناوی ئەو شەقامەیان گۆڕی کە باڵیۆزخانەی ڕوسیای لەسەرە و ناوی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕوسییان لێنا کە لە مۆسکۆ کوژراوە، ئەمەش ڕوسیای بێزار کرد و بە فێڵێکی ناشرین ناودێریان کرد.
ئەنجومەنی شاری واشنتن دەنگیاندا بە گۆڕینی ناوی شەقامەکەی بەردەم باڵیۆزخانەی ڕوسیا بۆ بۆریس نیمتسۆڤ کە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕوسی بووە لەنزیک کرێملن لە ساڵی 2015 دا بە فیشەک کوژراوە.
ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی بڕیارەکە بە کۆی دەنگ دراوە بۆ گۆڕینی ناوی شەقامەکە وەکو ڕێزلێنانێک بۆ چالاکەوانێکی دیموکراسی کوژراو.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی ڕوسیا ڕەخنەیان لەم هەنگاوەی ئەمەریکا گرتوو یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ڕوسیا وتی بڕیارەکە فێڵێکی ناشرینە.
دەزگای ئینتەرفاکسی ڕوسیا لە زاری سەرۆکی حیزبی لیبڕاڵی دیموکراتی ڕوسیاوە بڵاویکردەوە " بەرپرسانی ئەمەریکی بەدیاریکراوی دەیانەوێت فێڵێکی ناشرین بکەن لەبەردەم باڵیۆزخانەی ڕوسیدا."
هەروەها دیمیتری نۆڤیکۆڤی حیزبی شیوعی وتی " بەرپرسانی ئەمەریکا هێشتا بەردەوامن لە یارییەکەیان لە دەست تێوەردانی کاروباری ناوخۆی ڕوسیا."
جێی ئاماژەیە کچەکەی بۆریس نیمستۆڤی ڕکابەری بەناوبانگی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن مانگی ڕابردوو سەردانی واشنتنی کرد و داوای کرد ناوی شەقامەکە بگۆڕن.
نیمتسۆڤ لە مانگی دووی 2015 دا بە فیشەک کوژرا، لە کاتێکدا بەرەو ماڵەوە دەڕۆی.
بەرپرسانی ڕوسیاش پێنج پیاوی چیچیانیان تاوانبار کرد بە کوشتنی نیمتسۆڤ، بەڵام خێزانەکەی و پشتیوانەکانی باوەڕیان وایە ئەو کەسەی فەرمانی کوشتنەکەی داوە هێشتا ئازادە.
سەرچاوە/ سکای نیوز