Accessibility links

کۆشکی سپی ڕەخنە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکانی ئێران دەگرێت


ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر ڕایگەیاند کۆشکی سپی سەرکۆنەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە ئاشتییانەکانی ئێران دەکات لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتەوە.

جین پیێر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە هەواڵەکانی دەستگیرکردنی بە کۆمەڵ و توندوتیژی دژی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکەی خوێندکارانی زانکۆ لەلایەن کاربەدەستانی ئاسایشەوە."

خۆپیشاندانەکانی ئێران دژی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ ئەنجام دەدرێن کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لەدەستدا.

وتەبێژەکەی کۆشکی سپی وتی خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران " مافی خۆیانە توڕەن " لە مەرگی ئەمینی و سەرکوتکارییەکان لەو جۆرە ڕەفتارانەن کە گەنجانی ئێران ناچار دەکەن وڵاتەکە جێبهێڵن و " هەوڵی دۆزینەوەی شکۆ و دەرفەت بدەن لە شوێنێکی دیکە."

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی لەم هەفتەیەدا ئەمەریکا سزای دیکە دەسەپێنێت بەسەر ئەو بەرپرسانەی ئێراندا کە بەرپرسن لە توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران.

جین پیێر هیچ ئاماژەیەکی نەدا لەسەر ئەوەی ئایا سەرکوتکارییەکانی ئێران دژی خۆپیشاندەران کاریگەریی لەسەر هەوڵەکان دەبێت بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 یاخود نا. لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG