ڕۆژی هەینی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان ڕایگەیاند بۆ یەکەمین جار ڤاکسینێکی شایستەی ئاوڵەی مەیمونی دەستکەوتووە، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە دەبێتە هۆی خێراکردنی دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسینەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە لە ئەفریکادا.
ڕاگەیاندنەکە پێش گەیشتنی یەکەم ڤاکسینی MVA-BN هات بۆ کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ کە ناوەندی پەتاکەیە.
بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیوس وتی " یەکەمین کێبڕکێ لەسەر ڤاکسینێک دژی ئاوڵەی مەیمون هەنگاوێکی گرنگە لە شەڕەکەمان دژی نەخۆشییەکە."
وتیشی " ئێستا بەپەلە پێویستمان بە زیادبوونی پەیداکردنی ڤاکسینەکان و بەخشین و کوتان هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسینەکان لەو شوێنانەدا کە زۆر پێویستن، بۆ ڕێگریکردن لە توشبوون و ڕاگرتنی گواستنەوەی نەخۆشییە و ڕزگارکردنی خەڵکەکە."
ئاوڵەی مەیمون بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دەبێت کە لە ئاژەڵی توشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام دەشکرێت لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر بگوازرێتەوە، ئەوەش لە ڕێی بەرکەوتنی نزیکەوە.
ئاوڵەی مەیمون دەبێتە هۆی دروستبوونی تا و ئازاری ماسولکە و برینی گەورە لەسەر پێست، لە هەندێک حاڵەتیشدا دەتوانێت کوشندە بێت.
مانگی ڕابردوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهان باری نائاسایی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی ئاوڵەی مەیمونەوە لە کۆنگۆ کە پەرەی سەندووە بۆ وڵاتانی ئەو نزیکانەش.
لە مانگی یەکەوە لە کۆنگۆ نزیکەی 22,000 حاڵەتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون و 716 حاڵەتی گیان لە دەستدا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمار کراوە.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 200,000 ڤاکسین لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە گەیەندراوە بۆ کۆنگۆ، نزیکەی 50,000 ڤاکسینی دیکە لەلایەن ئەمەریکاوە نێردراوە بۆ ئەو وڵاتە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس