Accessibility links

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ وه‌کو کورد بڕیاری مافی چاره‌نووسی خۆمان داوه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی نوێدا بمێنینه‌وه‌


نێچیرڤان بارزانی جێـگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردسـتان
نێچیرڤان بارزانی جێـگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردسـتان

پاش وتاره‌که‌ی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردسـتان مه‌سعود بارزانی له‌ کۆنگره‌ی سیازده‌هه‌می پارتی دیموکراتدا که‌ تیایدا هاتبوو دروشمی مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ گه‌لی کورد له‌م کۆنگره‌یه‌دا ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانی کۆنگره‌ تاوه‌کو تاووتوێی بکه‌ن.

زۆربه‌ی میدیاکان ئه‌و بڕیاره‌یان کردبوویه‌ مانشێتی باسه‌کانیان که‌ کورد داوای مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌کات که‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ربه‌خۆبوونیش بگرێته‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا جێـگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردسـتان نێچیرڤان بارزانی له‌ لێـدوانێـکی بۆ ڕۆژنامه‌نووساندا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات لێـکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ بۆ داواکه‌ی بارزانی کراوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت " زۆرم پێ سه‌یره‌ بۆ قسه‌کانی جه‌نابی سه‌رۆک به‌و شێوه‌یه‌ لێـک ده‌درێته‌وه‌، جارێ مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسین مه‌سه‌له‌یه‌که‌ وه‌ک هه‌موو میلـله‌تانی دونیا کوردیش مافی خۆیه‌تی داوای ئه‌وه‌ بکات. مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسین له‌ به‌رنامه‌ی پـێشـووی پارتیشـدا هه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ شتێـکی تازه‌ نیـیه‌. به‌ بۆچوونی ئێمه‌ مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌ک میلـله‌تێـک حه‌قی خۆیه‌تی داوای ئه‌و مافه‌ بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پـێیگه‌یشـتووین وه‌کو کورد له‌ دوای پـرۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌ سـاڵی 2003 وه‌، ئێمه‌ وه‌کو کورد بڕیاری مافی چاره‌نووسی خۆمان داوه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی نوێدا بمێنینه‌وه‌. له‌ عێراقێـکدا که‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی سـیسـتمێـکی فیدراڵی دامه‌زراوه‌. ئه‌و دروشمه‌ دروشمی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد و پارتیش بووه‌. ئه‌وه‌ش له‌ په‌رله‌مانی کوردسـتاندا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ که‌ ئێمه‌ی کورد له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌مێنینه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ڕۆڵی بارزانی له‌ دروسـتکردنی حکومه‌تی نوێدا ڕۆڵێـکی گرنگ بوو که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ده‌عوه‌ت کرد بۆ شـاری هه‌ولێر و حکومه‌تی تێدا پـێـکهێنرا. هه‌ر ئه‌و کۆکردنه‌وه‌یه‌ گه‌وره‌ترین به‌ڵـگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین له‌ عێراقێـکی فیدراڵ و دیموکرات و یه‌کگرتوودا."

پاشـان نێچیرڤان بارزانی جێـگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردسـتان له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا باس له‌ کۆمه‌ڵێـک هێما ده‌کات که‌ له‌ کۆنگره‌که‌دا ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه‌ بۆ خواستی پـێـکه‌وه‌ ژیانی چاره‌سه‌ری گرفتی کورد له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا وه‌ک ده‌ڵێت.

ته‌نانه‌ت له‌ کۆنگره‌که‌دا له‌ لایه‌ک ئاڵای عێراق له‌گه‌ڵ ئاڵای کوردسـتان دانرابوو. هه‌روه‌ها سه‌ره‌تا به‌ سروودی نیشـتیمانی عێراقی ده‌سـتپـێـکرا و دواتریش سـروودی نیشـتیمانی هه‌رێمی کوردسـتان که‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووی ئاماژه‌یه‌کی ڕوون و ئاشـکران.

پاشـان ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆبوونی کوردسـتان شتێـک نیـیه‌ سه‌رۆک بیشـارێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نێت، به‌بێ دوو دڵی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام مه‌فهومی وته‌کانی سه‌رۆک ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵـکو ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ کورد وه‌کو میلـله‌تێـک و وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک مافی چاره‌ی خۆنووسینی هه‌یه‌، به‌ڵام بڕیاری ئێمه‌ له‌و مافه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ عێراقێـکی فیدراڵی یه‌کگرتوودا بمێنینه‌وه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 2:57 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG