Accessibility links

ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک ده‌ست له‌کارکێشـانه‌وه‌ی پارێزگار و سه‌رۆکه‌که‌ی په‌سه‌ند ده‌کات


ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک ده‌ست له‌کارکێشـانه‌وه‌ی پارێزگار و سه‌رۆکه‌که‌ی په‌سه‌ند ده‌کات
ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک ده‌ست له‌کارکێشـانه‌وه‌ی پارێزگار و سه‌رۆکه‌که‌ی په‌سه‌ند ده‌کات

ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ست له‌کارکێشـانه‌وه‌ی پارێزگار و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ درا. له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێش که‌ دراوه‌ به‌ پارتێـکی ناو به‌ره‌ی تورکمانی، لێـدوانێـکی پاڵێوراوه‌که‌ی تورکمان دانیشـتنه‌که‌ی دواخست بۆ کاتێـکی تر.

پارێزگاری که‌رکوک عه‌بدولڕه‌حمان موسـته‌فا و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن ڕزگار عه‌لی به‌ فه‌رمی به‌ کۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن وازیان هێنا. پاشـان بڕیار بوو سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێ ده‌نگی پـێبدرێت که‌ له‌ به‌ره‌ی تورکمانیـیه‌ و پاڵێوراوه‌که‌شیان حه‌سه‌ن تورهانه‌، به‌ڵام پاڵێوراوێـکی تر ڕه‌عه‌د ڕوشدی ئاغا خۆی کاندید کردووه‌.

پاشـان کاندیده‌ نوێـیه‌که‌ی به‌ره‌ی تورکمانی ڕه‌عه‌د ڕوشدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ به‌هۆی خۆکاندیدکردنی حه‌سه‌ن تورهانه‌وه‌ کاندیداکردنی خۆی ده‌کێشـێته‌وه‌، به‌ڵام لێـدوانێـکی ئاڕاسته‌کردووه‌ و گوتوویه‌تی ئومێد ده‌که‌م که‌ حه‌سه‌ن تورهان بۆ ئه‌م پـۆسته‌ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تورکمان له‌ یاد نه‌کات.

حه‌سه‌ن تورهانیش گوتوویه‌تی من نه‌ک بۆ پـۆسـتی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگار، به‌ڵـکو بۆ سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیرانیش کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌م بیر ناکه‌م.

ئه‌م لێـدوانه‌ی حه‌سه‌ن تورهان وه‌های کرد که‌ لیسـتی برایه‌تی که‌ نوێنه‌ری کورده‌کانه‌ هۆڵه‌که‌ جێبهێڵن.

ڕێـبوار تاڵه‌بانی جێـگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک به‌ ڕادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند که‌ به‌پـێی پـۆسته‌که‌ پـۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک ده‌بێت بێ لایه‌نی خۆی هه‌تا ڕاده‌یه‌ک بسه‌لمێنێت و جیاوازی له‌ نێو نه‌ته‌وه‌کاندا نه‌کات، ئه‌و لێـدوانه‌ی حه‌سه‌ن تورهانیش پـێـچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسـته‌ وه‌رگیرا.

له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ پـۆسـتی پارێزگاری که‌رکوک که‌ بڕیاره‌ بدرێته‌ دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم هێشـتا کاتی ده‌نگدان و خۆ پاڵاوتنی بۆ دیاری نه‌کراوه‌. سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک له‌ لیستی برایه‌تی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ دا که‌ کورده‌کان هیچ کێشه‌یه‌کیان له‌ کاندیدکردنی دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریمدا نیـیه‌ بۆ ئه‌و پـۆسته‌. کێشه‌ی ئه‌مڕۆش له‌سه‌ر پـۆسـتی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن و لێـدوانه‌که‌ی حه‌سه‌ن تورهان بووه‌.

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ زۆرێـک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک ئه‌وه‌ ناشارنه‌وه‌ که‌ دانانی حه‌سه‌ن تورهان له‌ به‌ره‌ی تورکمانی بۆ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن و دانانی دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم بۆ پـۆسـتی پارێزگاری که‌رکوک وه‌ک ڕێـکه‌وتنێـکی سیاسی بووه‌ له‌ نێوان به‌ره‌ی تورکمانی و یه‌کێتی و پارتی، به‌ڵام ئه‌و بۆچوونانه‌ ئه‌وه‌ش ناگه‌یه‌نێت که‌وا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک له‌ لیستی برایه‌تی کۆک نه‌به‌ن له‌سه‌ر کاندیداکردنی دکتۆر نه‌جمه‌دین بۆ پـۆستی پارێزگاری که‌رکوک.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG