Accessibility links

حوسییەکان بانگەشەی هێرشکردنە سەر چوار کەشتی دەکەن لە بەندەری حەیفای ئیسڕائیل بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی


ڕۆژی یەکشەممە حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشییان لەگەڵ گروپێکی چەکداریی مەقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەنجام داوە و چوار کەشتییان لە بەندەری حەیفای باکووری ئیسڕائیل کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان یەحیا ساری وتی دوو گروپە چەکدارییەکە ڕۆژی شەممە لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشییان کردووەتە سەر دوو تانکەری چیمەنتۆ و دوو کەشتی بارهەڵگر لە بەندەری حەیفا.

وتیشی کەشتییەکان سەر بەو کۆمپانیایانە بوون کە " قەدەغەی هاتنە ناو بەندەرە داگیرکراوەکانی فەلەستینییان پێشێل کردووە."

ساری وتیشی حوسییەکان هێرشییان کردووەتە سەر کەشتی شۆرثۆرن ئێکسپرێس لە دەریای ناوەند و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ تێکدانی ڕێڕەوە ئاوییە سەرەکییەکانی بازرگانی دەریایی، دەشڵێن ئەم کارانەیان وەکو دەربڕینی پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکانی غەززە.

ساری وتی " دوو ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانییان پێکاوە، هێرشە ئاسمانییەکانیش ورد و ڕاستەوخۆ بوون."

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی سەربەخۆ ئەو هێرشانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، ڕۆیتەرزیش دەڵێت نەیتوانیوە ئەو بانگەشانە پشتڕاست بکاتەوە.

حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، لە مانگی یانزەوە لە ڕێی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەستییان کردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، لە دەیان هێرشدا، تاوەکو ئێستا دوو کەشتییان نقووم کردووە و دەستییان گرتووە بەسەر کەشتییەکی دیکەدا و لانیکەم سێ کارمەندی کەشتییەکانیشییان کوشتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG