Accessibility links

دوای ئەوەی کچێکی تەمەن 11 ساڵ لە لەندەن چەقۆی لێدرا، پۆلیس پیاوێک دەستگیر دەکات


پۆلیسی گشتی لەندەن ڕۆژی دووشەممە وتی پیاوێکی تەمەن 32 ساڵ دەستگیرکراوە دوای ئەوەی کچێکی تەمەن 11 ساڵ لە گۆڕەپانی لێستەری ناوەڕاستی شارەکە بە چەقۆ لێیدراوە و " بە سەختی بریندار بووە."

پۆلیس وتی کچەکە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت و " برینەکەی مەترسی لەسەر ژیانی دروست نەکردووە." وتیشی دایکە تەمەن 34 ساڵەکەی بە سوکی بریندار بووە.

پۆلیس وتی پیاوێکی تەمەن 32 ساڵ لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە و ئەفسەران بە شوێن هیچ کەسێکی دیکەدا ناگەڕێن لەسەر هێرشەکە.

کریستینا جیسای بەرپرسی لێکۆڵەرەکان وتی " ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە کراوەتەوە و لێکۆڵەرەوەکان کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی وردەکارییەکان سەبارەت بەوەی بە ڕاستی چی ڕوویداوە."

وتی " لەم قۆناغەدا باوەڕمان وانیە گومانلێکراوەکە و قوربانییەکەش یەکترییان ناسیبێت."

وتی " لە کاتێکدا کە بەردەوام کاردەکەین بۆ زانینی پاڵنەری گومانلێکراوەکە، لەم قۆناغەدا هیچ شتێک نیە ئاماژە بەوە بکات کە هێرشەکە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبووبێت."

ئەم ڕووداوە دوو هەفتە دوای ئەوە دێت لە ساوثپۆرتی باکووری ڕۆژئاوای بەڕیتانیا سێ کچ بە چەقۆ هێرش کرایە سەرییان و کوژران، هاوکات هەشت منداڵ و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.

کوژرانی کچەکان بووە هۆی کەوتنەوەی پشێوییەکی گەورە لە بەڕیتانیادا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ئۆنلاین قسە و قسەڵۆکێک بڵاوبووەوە کە گوایە ئەو کەسەی بە چەقۆ کچەکانی کوشتووە کۆچبەرێکی موسوڵمان بووە. بەڵام ئەوە ڕاست نەبوو، چونکە هێرشبەرەکە لە بەڕیتانیا لە دایک بووە و بە تۆمەتی کوشتن یان هەوڵدان بۆ کوشتن تۆمەتبار کرا.

هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە لە دڵی لەندەنی پایتەختدا ڕوویدا، شوێنێک کە بەردەوام گەشتیاران و کڕیاران ڕووی تێدەکەن.

پاسەوانێکی ئاسایش بە دەزگای هەواڵی پرێس ئەسۆشیەیشنی وت چەقۆکەی لە پیاوەکە سەندووە کە هێرشی کردووەتە سەر منداڵە تەمەن 11 ساڵەکە.

پاسەوانێکی دیکە لە دوکانێکی ئەو نزیکانە کە وتی ناوی عەبدوڵایە، وتی گوێی لە هاوار بووە و دواتر کەسێکی بینیوە " بە چەقۆ لە منداڵێکی داوە."

وتی " خۆم هەڵدایە سەری و ئەو دەستەیم گرت کە چەقۆکەی پێبووە، کێشام بە زەوییەکەدا و گرتم و چەقۆکەم لێسەند."

وتی " دواتر دوو کەسی دیکە هاتن، پێکەوە گرتمان تاوەکو پۆلیس هات."

دێسمۆندی 45 ساڵ بە پی ئەی وت گومانلێکراوەکە " گەنجێکی سپی پێستی لاواز بووە و تیشێرتێکی ڕەشی لەبەردابووە " و وادەرکەوتووە کە سەنگی خستووەتە سەر هێرشکردنە سەر کچەکە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG