Accessibility links

زێلێنسکی لە ئەڵمانیا لەگەڵ سەرکردە سەربازییە باڵاکاندا کۆدەبێتەوە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی هەینی لە ئەڵمانیا لەگەڵ سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ئەمەریکا و زیاتر لە 50 وڵاتی هاوبەشدا کۆبووەوە، ئەمەش بە مەبەستی هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی چەکی زیاتر لە کاتێکدا کە ئەمەریکا ڕایگەیاند 250 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتی ئاسایش بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی کۆبوونەوەکەی سەرکردەکان لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا شەڕ دەکات دژی ڕووسیا، لە کاتێکدایە کە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی لەشکرکێشی لە جەنگەکەدا کردووەتە سەر ڕووسیا و هاوکات ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی هێزەکانی ڕووسیا بووەتەوە لە نزیک ناوەندێکی هەستیار لە دۆنباس.

تاوەکو ئێستا هێرشە کتوپڕەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر هەرێمی کورسکی ڕووسیا وای نەکردووە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن چاوی لاببات لەسەر گرتنی شاری پۆکرۆڤسکی ئۆکرانیا، ئەو شارە هێڵێکی ئاسنینی گرنگی تێدایە و ڕێڕەوی گەیاندنی پشتیوانییەکانە بۆ سوپای ئۆکرانیا. لە دەستدانی پۆکرۆڤسک دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی شاری زیاتری ئۆکرانیا بکەونە مەترسییەوە.

ئۆستن وتی لە کاتێکدا کە کورسک ڕووسیای کردووەتە پێگەیەکی بەرگریکردنەوە، " دەزانین خراپەکاری پوتن زۆر قووڵە." وتیشی مۆسکۆ بەردەوامە لە هێرشەکانی، بە تایبەتی لە دەوروبەری پۆکرۆڤسک.

هێرشە ئاسمانییە کوشندەکانی ئەمدواییانەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داواکانی زێلێنسکی نوێ کردەوە لە ئەمەریکا تاوەکو کۆتوبەندەکانی لاببات لەسەر ئۆکرانیا لەسەر بەکارهێنانی چەکە ڕۆژئاواییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ناو ڕووسیا.

زێلێنسکی وتی بەردەوام دەبێت لە فشارکردن بۆ بە دەستهێنانی توانای هێرشی ئاسمانی مەودا دوور. وتی " بڕیاری بەهێزی مەودا دوور لەلایەن هاوبەشەکانەوە پێویستە بۆ خستنەوەی دادپەروەرییەکی یەکسان کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین."

کڕیاری باڵای چەکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بیڵ لاپلانت بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا بیر لە پێدانی چەند موشەکێکی ئاسمان بۆ زەوی دەکاتەوە بە ئۆکرانیا کە فڕۆکە F-16 ەکان دەتوانن هەڵیانبگرن، ئەو فڕۆکانە دراون بە ئۆکرانیا، یەکێک لەو موشەکانەش موشەکی هاوبەشی ئاسمان بۆ زەوییە کە بە JASSM ناسراوە، ئەمەش دەکرێت توانایەکی موشەکی کروزی مەودا دوور بدات بە ئۆکرانیا.

وتیشی هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە، وتیشی هێشتا یاسادانەران دەبێت بڕیار بدەن کە ئایا ئەو موشەکە مەودا دوورە بدەن بە ئۆکرانیا یان نا.

لاپلانت وتی " هەمیشە بیر لەوە کراوەتەوە موشەکی JASSM بدرێت بە ئۆکرانیا. هەر چەکێکی ئاسمان بۆ زەوی بووبێت بیری لێکراوەتەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG