Accessibility links

زێلێنسکی ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پوتندا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا، بەڵام هۆشداریدا لەسەر ئەوەی شکستهێنان لەسەر گەیشتن بە ڕێکەوتنێک " مانای ئەوە دەبێت کە ئەمە جەنگی جیهانی سێیەمە."

زێلێنسکی لە پڕۆگرامێکی کەناڵی سی ئێن ئێندا وتی " پێم وایە بەبێ گفتوگۆکردن، ناتوانین کۆتایی بەم جەنگە بهێنین."

زێلێنسکی داوای گفتوگۆیەکی ماناداری ئاشتی کردووە لەگەڵ ڕووسیادا کە تیایدا سەروەری خاکی ئۆکرانیا بۆ وڵاتەکەی بگێردرێتەوە و دادپەروەری بۆ ئۆکرانیا جێبەجێ بکرێت. بەرپرسی باڵای دانوستانەکانی ڕووسیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتی هەردوولا نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لەسەر بابەتی وازهێنانی ئۆکرانیا لە ئارەزووەکانی بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و پەیڕەویکردنی سیاسەتێکی بێلایەنانە.

زێلێنسکی بە سی ئێن ئێنی وت هێزەکانی ڕووسیا " بۆ لەناوبردنمان، بۆ کوشتنمان " هاتوونەتە ناو ئۆکرانیاوە. بەڵام بەڵێنیدا ئۆکرانیا سەروەری خاکەکەی نەدات بەدەستەوە.

وتی " ڕووسییەکان منداڵەکانمانیان کوشتووە. ناتوانیت چیتر ئەمە ئاسایی بکەیتەوە. ناتوانیت داوا لە ئۆکرانیا بکەیت هەندێک لە ناوچەکان وەکو دەوڵەتی سەربەخۆ بناسێنێت. ئەم سازدانانە هەڵەن."

لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو خوێندنگایەکی هونەر کە نزیکەی 40 کەس وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە، لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە بۆردومانکرا. وشەی " منداڵان " لە دەرەوەی بینای شانۆکە بە پیتی گەورە و بە زمانی ڕووسی نوسراوە کە لە ئاسمانەوە دەبیندرێت، ئەوەش بۆ ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی ڕووسیا تاوەکو بزانن کێ لەو بینایەدایە.

ڕۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی شاری ماریوپۆڵ وتی بینای شانۆکە لە هێرشێکدا کاولکراوە. تاوەکو ئێستا زانیارییەکان لەسەر ڕزگاربووان نەزاندراوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بە کەناڵی سی بی ئێسی وت پێی وایە هێزەکانی ڕووسیا پەنایان بردۆتەبەر ئەم هێرشە دڕندانانە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەبەر ئەوەی " هەڵمەتە سەربازییەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕاگیراوە."

ئۆستن وتی " بەڕاستی ئەمە شتێکی زۆر قێزەونە."

ماریوپۆڵ هێشتا بەرهەڵستی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا دەکات. جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمەریکا دەیڤد پیترایۆس بە سی ئێن ئێنی وت " ماریوپۆڵ هێشتا نەکەوتووە. خۆراک و ئاو و سوتەمەنی تیادا نەماوە، بەس دڵەکانی تێدا ماوە. ئەوان هێشتا بە سەختی شەڕ دەکەن."

ئەنجومەنی شاری ماریوپۆڵ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە " هەزاران دانیشتووی ماریوپۆڵ بە ناچاری لە ماڵەکانیان هێندراونەتە دەرەوە و براون بۆ ناوچە ڕووسییەکان."

وتی " داگیرکەران بەشێوەیەکی نایاسایی خەڵکی ناوچەی لیڤۆبێرێژنی و پەناگەکەی بینایەکی یانەیەکی وەرزشیان بردووە، لەو بینایەدا هەزاران کەس کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون لەترسی بۆردومانە بەردەوامەکان خۆیان حەشاردابوو."

سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆڵ ڤادیم بۆیچێنکۆ وتی " ئەمەی ئێستا داگیرکەران دەیکەن هاوشێوەی ئەو کارەیە کە نەوە کۆنەکان دەیانکرد. ڕووداوە تۆقێنەرەکانی جەنگی جیهانی دووەم کە تیایدا نازییەکان بە ناچاری خەڵکیان دەستگیر دەکرد."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا لە سەرانسەری ئۆکرانیادا کاریگەرییان نیە و هێزەکانی ئۆکرانیا بەو چەکانەی کە ناتۆ و ئەمەریکا پێیان داون بەردەوامن لە دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕووسیا.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئۆکرانییەکان زیاتر لە 3000 سەربازی ڕووسییان کوشتووە.

حکومەتی ئۆکرانیا دەڵێت لانی کەم پێنج لەو ڕووسییانەی لە ئۆکرانیا کوژراون و ئەفسەری باڵای سوپای ڕووسیان.

پیترایۆس وتی کوژرانی لانی کەم چوار لە جەنەڕاڵەکانی ڕووسیا پشتڕاست کراونەتەوە. وتیشی نیشانشکێنەکانی ئۆکرانیا " ڕاست و چەپ لێیان دەدەن."

تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا کە داگیرکارییەکەی ڕووسیا دەچێتە هەفتەی چوارەمییەوە، هێزەکانی ڕووسیا هێشتا نەیانتوانیوە کیێڤی پایتەخت بگرن، کە ئامانجێکی سەرەکی کرێملنە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG