رۆژنامەنوسی دەنگی ئەمریکا خاتوو ژیار محەمەد بۆ روماڵکردنی کارێکی رۆژنامەگەری لەبەردەم مزگەوتی بەهەشتی شاری سلێمانی لەرێکەوتی 14/5/2016 ئامادە دەبێت؛ لەلایەن کارمەندێکی ئاسایشەوە هێرشی دەکرێتەسەر. بەڕای شارەزایانی بواری رۆژنامەگەری ئەم کەیسە یەکێکە لە کۆی ئەو پێشێلکاریی و توندوتیژیانەی کە چەندین ساڵە بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەکرێت.
بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان بەتایبەتی ئەمینیستی ئینتەرناشناڵ و پەیامنێرانی بێسنور، رێکخراوی بەرگری لە رۆژنامەنوسان CPJ و Freedom House و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و هەڵمەتی بەدەنگەوەهاتنی یونسکۆ تێکڕا سەبارەت بە ڕەوشی رۆژنامەنوسان و میدیا سەربخۆکان دەرخەری ئەو راستیانەن کە پێشێلکارییەکی زۆر بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان و میدیا سەربەخۆکان لە ئارادایە لە جیهاندا بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی. هاوکات هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەکراوە لەو راپۆرتانەو دوورو نزیک ئاماژە بە زۆرێک لەو پێشێلکاریی و توندوتیژیانە دراوە و باس لەمەترسییەکانی بەردەم میدیا و رۆژنامەنوسان کراوە.
سەبارەت بەم پرسەو بەدواداچوون لەبارەی ئەو پێشێلکارییەی کە بەرامبەر رۆژنامەنوسی دەنگی ئەمریکا خاتوو ژیار محەمەد لەلایەن ئاسایشەوە؛ ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئاسایشی سلێمانی رائید رزگار حەمە رەحیم سازکردووە.
لەپرسیارێکماندا دەڵێین جاری وا هەیە کارمەندێکی ئاسایش لە کوردستان و لە جیهانیشدا دەتوانێت رووی سەدساڵی ئاسایشی ئەو وڵاتە ناشرین بکات بە لێدانی رۆژنامەنوسێک یان کوشتنی کەسێک؟
رائید رزگار لەوەڵامدا دەڵێت "ئێمە بەهەموو شێوەیەک هاوکاری رۆژنامەنوسانین و هاوکاری دەزگاکانی راگەیاندنین؛ وە هەموو ئەو کارانە مەحکوم دەکەین و لەلایەن ئێمەوە رێگە پێدراو نیە."
سەبارەت بەوەی ئایا کارمەندانی ئاسایش خول و راهێنانیان لەبارەی چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک و رۆژنامەنوساندا بۆ کراوەتەوە؟ رائید رزگار دەڵێت "چەندین خول و راهێنانمان ئەنجامداوە بۆ کارمەندەکانمان، بەڵام ئیتر کارێکی لێرەو لەوێ رووبدات، بۆنمونە ئەو کارەی بەرامبەر ژیار محەمەد کرا ئێمە پۆزشمان هێناوەتەوە و ئیجرائاتمان بەرامبەر بە کەسەکە کردووەو داومانە بە لیژنە و هەموو ئیجرائاتێکی یاسایی ئەکەین."
هەروەها دەڵێت"ئێمە دەزگایەکی یاسایین یاسا جێبەجێدەکەین، ناتوانین پێش یاساو پێش رووداوەکان بکەوین، ئێمە لەبەر دڵی ئەو رۆژنامەنوسەکەو لەبەرئەوەی رایگشتی لەئێمە زوویر نەبێت و هەڵوێستێک لەئێمە وەرنەگرن. ئێمە یەکەمین کارێک کە بیکەین داوای لێبوردنامان لە دەزگاکەش کردووە ئینجا لە رۆژنامەنوسەکەش، دووەم خاڵیش ئیجرائاتەکەمان ئەوەیە لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنراوە، ئەوکاتە لیژنە بڕیار دەدات و لەبەرئەوە بە ئاسانی لێی دەرناچێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە."
لەڕێی ئەم لینکەوە گوێبستی تەواوی وتووێژەکە دەبن....