لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ناڕەزامەندی و مانگرتنە گشتییەکانی مامۆستایان لە سەرانسەری ئێراندا بەردەوام بووە و بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی چالاکانی مافەکانی مەدەنی و شورای سەرانسەری مامۆستایان لە گەلێک ئوستان و شارەکانی ئێراندا ئەم چالاکییانە بەردەوام بوونە.
لە بەرنامەی ڕوانگەدا، رۆژنامەنووس مەسعود کوردپور دەڵێت، " ئەو شورایانەی کە خۆپێشاندانەکان بەڕیوەدەبەن بە شێوەیەکی یاسایی کار دەکەن و کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپێشاندانی سەرانسەرییان لە رابردووشدا پێک هێناوە."
ئەو دەڵێت، بەڵام ئەمساڵ لە زۆربەی شارەکانی ئێران بە هۆی خراپی بارو دۆخی ئابووری، چالاکی ئەو مامۆستایان زیادی کردووە و بە تایبەتی کە لە ئەو ماوەیەدا رێژەی ئەو کەسانەی تووشی ڤایروسی کۆڕۆنا دەبن کەمبۆتەوە، لە بەرامبەردا تێکۆشانی ئەو مامۆستایانە پەرەی سەندووە.
کوردپور ئاماژە دەکات، لە چەند شاری کوردستانی ئێرانیش مامۆستایان خۆپێشاندانی هێمنانەیان بەڕیوەبردووە، بەڵام بەشداری ئەم جارەی مامۆستایان بە شێوەیەکی بەرفرەوان بووە.
هەروەها ئەنجومەنی مامۆستایانی "سەقز و زیویە" لە ڕاگەیەندراوێکدا هەینی ٢٦ی سەرماوەز (١٧ی مانگی ١٢ی ٢٠٢١) دەستبەسەرکرانی ڕەسووڵ بۆداغی، ئەندامی شوڕای سەرانسەری مامۆستایان مەحکوم دەکات و داوای ئازادکردنی هەموو ماموستایانی دەستبەسەرکراو دەکات.