ڕوانگە:
بەرنامەی روانگە لە گەڵ دوو چالاکی مافەکانی مرۆڤ، ئەوین مستەفا زادە، بەرپرسی ناوەندی ئامار لە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ – کوردپا و تەیمور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە توند و تیژی بۆ سەر خانمان و چالاکی لە کۆبوونەوەی مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ دەدوێن.
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ کوردپا لە سەر و بەندی رۆژی جیهانی خەبات بەرامبەر بە توند و تیژی دەرهەق بە ژنان راپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا ئاماژە بە ئاماری ئەو ژنانە دەکات کە کوژران و هەروەها ئەوانەش کە لە کوردستانی ئێراندا خۆیان کوشتووە.
لە سەر جەم ٣٨ ئەو خانمانەی کە کوژراون بەشێکی بەرچاوی بە هۆی گرفتی بنەماڵەیی بووە و لە لایەن ئەوانە کوژران یا ئەندامانی بنەماڵەی کوژراو یا لە خزمان بوونە.
ئەوین دەڵیت ئامارێکی دروست و فەرمی سەبارەت بە کوشتنی بە ناوی نامووس لە ئێران لە لایەن حکومەتەوە بڵاو ناکرێتەوە و لە هەمان کاتدا بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری ئەو پێشێلکارییانەی مافەکانی مرۆڤ نیە.
راپۆرتەکە ئاماژە دەکات کە خۆکوشتن لە نێو گەنجانی ژێر ١٨ی ئێران لە ئەم سالانەی دواییدا بۆتە بابەتێکی جیدی و تەنانەت لە رێگاکانی خۆ هەڵاوەسین لە نێو شوێنە گشتییەکان بگرە تا خۆفڕیدان لە سەر خانووبەرە و پەردەکاندا دەگریتەوە.
ئەلیاسی دەڵیت، نەتەوەیەکگرتوەکان چەندین شێوازی بۆ هێنانە گۆڕی پرسی مافەکانی مرۆڤی پێک هێناوە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە شێوازێکی نۆی لە پەیوەندی پرسی کەمینەکانی نەتەوەیی و ئاینی و کارتێکردنی شەڕ لە سەر ئەوان بووە کە کۆبوونەوەی ئەم دواییانە سەبارەت بە ڕیگا بۆ پێشگرتن لە شەڕ و کێشە بوو.
ئەو ئاماژە دەکات بە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤدا بەشدارە، هەمیشە هەوڵی داوە کە گرفت بۆ ڕێکخراوی ئەوان پێک بهێنێت. وەک خۆی دەڵێت لە کۆبوونەوەی دوایی لە ژنێڤ، نوێنەری ئێران هەوڵێ دا کە نەهێڵێت سەبارەت بە مەسەلەی کورد لە کۆبوونەوە کەدا قسە بکرێت کە دیارە سەرنەکەوت.