تورکیا له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئه‌نتاب لێـکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ 4 گومانباردا ده‌کات

ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌که‌یان لێکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ 4 که‌سدا ده‌که‌ن سه‌باره‌ت به‌ ته‌قینه‌وه‌که‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی شـاری ئه‌نتاب که‌ بوو به‌هۆی کوژرانی 9 که‌س که‌ چواریان منداڵن و هه‌روه‌ها برینداربوونی ده‌یان که‌سی دیکه‌.
بۆمبه‌که‌ به‌ ئۆتۆمبێلێکه‌وه‌ له‌ نزیک بنکه‌یه‌کی پۆلیسی شاری ئه‌نتاب به‌سترابوو.
ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ئه‌نادۆلۆ ده‌ڵێت پۆلیسی دژه‌ تیرۆر له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ چوار گومانباری له‌ هه‌رێمی ئورفه‌ ده‌ستگیر کردووه‌ و به‌ مه‌به‌سـتی لێـکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا بۆ ئه‌نتاب براون.
هه‌تا ئێستا هیچ لایه‌نێک به‌رپرسیارێتی هێرشه‌که‌ی نه‌گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ و سه‌رهه‌ڵداوه‌ کورده‌کانیش سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجام نه‌داوه‌. هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌تی تورکیا سه‌رهه‌ڵداوانی تاوانبار کردووه‌.