کاریگه‌ری سزاکان له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران

کۆماری ئیسلامی ئێران میوانداری کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ڕێکخراوی وڵاتانی بێلایه‌ن ده‌کات له‌ ده‌مێکدا هه‌ندێک له‌و وڵاتانه‌ وابه‌سته‌ی ئه‌و سزا نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ن که‌ له‌لایه‌ن وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و یه‌کێتی ئه‌وروپاشه‌وه‌ سه‌پێندراونه‌ته‌ سه‌ر ئێران به‌هۆی به‌رنامه‌ ناوکیه‌ مشت و مڕ له‌سه‌ره‌که‌یه‌وه‌.
ڕه‌تکردنه‌وه‌کانی ئێران بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانیه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ خواسته‌ ناوکیه‌کانی تاران، وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیشی ناچارکرد سزاکان له‌سه‌ر ئێران توند بکه‌ن. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریکایی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕۆیاڵ بانک ده‌که‌ن له‌ سکۆتلاند و هه‌روه‌هاش دووه‌م گه‌وره‌ترین بانکی ئه‌ڵمانی وه‌ک هه‌وڵێک بۆ سه‌پاندنی سزای دارایی به‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی کارداری له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌که‌ن.
ئابوری ئێران زیانێکی گه‌وره‌ی به‌رکه‌وتووه‌ به‌هۆی سزاکانه‌وه‌، وه‌ک ده‌یڤد تافوری له‌ کۆمپانیایی یاسایی پاتۆن بۆگس باسی ده‌کات و ده‌ڵێت "به‌بێ هیچ گومانێک فرۆشتنی نه‌وتی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ سه‌خت کردووه‌، که‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی داهاتی ئێرانه‌، ئێران پاره‌ی ده‌وێت، نه‌ هه‌ر بۆ ئابوری ، به‌ڵکو بۆ به‌رده‌وامی دانیش به‌و به‌رنامه‌ چه‌کیانه"‌.
به‌ڵام جه‌مال عه‌بدی ، به‌ڕێوه‌به‌ر له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی ئه‌مریکایی ئێرانی له‌وبڕوایه‌دایه‌ سیاسه‌تی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر ئێران زیانی زیاتره‌ وه‌ک له‌ سوود.
به‌ڕێزعه‌بدی ده‌ڵێت "ئه‌و ڕێبازه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ که‌ ده‌بوایه‌ سزای زیره‌ک بووایه‌، بۆ سیاسه‌تی ئیفلیج کردنی ته‌واوی ئابوری ئێران، ئه‌مه‌ش زیان له‌ خه‌ڵک ده‌دات، ڕێگر ده‌بێت وه‌ک له‌وه‌ی ئاسانکاری دیپلۆماسی بێت، له‌ کۆتاییشدا پێم وایه‌ ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌شکریی له‌گه‌ڵ ئێراندا".
جا ئێستا پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵکی ئێران چۆن بیری لێده‌که‌نه‌وه‌؟
نیگار مورته‌زه‌وی میوانداری به‌رنامه‌ی وتووێژی ڕاسته‌وخۆیه‌ له‌ تۆڕی هه‌واڵه‌کانی فارس له‌ ده‌نگی ئه‌مریکا و ده‌ڵێت زۆر که‌س قه‌یرانی ناوکی به‌ هۆکاری سزاکان نازانن ، زۆر که‌س به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ وه‌ها نابینن که‌ په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ ژیانیانه‌وه‌، به‌ڵام سزاکان وه‌ها ده‌بینن که‌ کاریگه‌ری هه‌یه‌ به‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌یانه‌وه‌.
خانم مورته‌زه‌وی ده‌شڵێت خه‌ڵک په‌یوه‌ندی به‌ به‌رنامه‌که‌یه‌وه‌ ده‌که‌ن و گازه‌نده‌ ده‌که‌ن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خوارده‌مه‌نی. بۆ نمونه‌ ته‌نها له‌ ماوه‌ی چوار ڕۆژدا نرخی شیر به‌ ڕێژه‌ی له‌ سه‌دا 14 به‌رز بۆته‌وه، یان به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی مریشک ، و خوارده‌مه‌نیه‌کانی تریش.
ده‌یڤد تافوری پێی وایه‌ ئه‌و سزایانه‌ به‌دبه‌ختیه‌ چونکه‌ له‌ زۆربه‌ی کاتدا ئه‌و خه‌ڵکه‌ی دژی ڕژێمی ئێرانن زیانیان لێده‌که‌وێت و ده‌شڵێت ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌که‌یه‌ که‌ سزاکان نێونه‌ته‌وه‌یین و ناشکرێت جیاکردنه‌وه‌ی تیادا ببێت.
زۆر له‌ پسپۆڕان له‌و بڕوایه‌دان پشت به‌ستن به‌ سزاکان بۆ پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ی ئێران له‌ به‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ناوکی هه‌م سه‌خته‌ و هه‌میش پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ن ده‌بێت.
شاره‌زایانی کاروباری ئێران له‌و بڕوایه‌دان ده‌شێت شیانی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی له‌شکری له‌گه‌ڵ ئێراندا زیاد بکات هاوکاتی به‌رده‌وامی له‌ بنبه‌ستدانی قه‌یرانی ناوکی کۆماری ئیسلامی ئێران.