له‌گه‌ڵ ده‌سـتپـێـکردنی مانگرتن له‌ که‌رکوک چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له‌و شاره‌ ڕووده‌دات

  • Amir Goran
هاوکاتى دەستپێکردنى مانگرتنە سەرتاسەریەکەى خەڵکى شارى کەرکوک له‌ دژى پێکهێنانى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى دیجلە چەند تەقینەوەیەک شارى کەرکوک و شارۆچکەى دووزخۆرماتۆیان هەژاند و نزیکەى 53 کوژراو بریندارى لێکەوتەوە.
پێش نیوەڕۆى ئەمرۆ وەکو کاردانەوەیەک لە بەرامبەر پێکهێنانى هێزى دیجلە مانگرتنێکى سەرتاسەرى لە شارى کەرکوک دەستیپێکرد ئەو مانگرتنە کە ماوەى یەک کاتژمێرى خایەند، دەوامى سەرجەم فەرمانگه‌ حکومیـیەکان و خوێندنگاکان راگیران و دوکانەکانیش داخران و هاتوچۆى ئۆتۆمبیلیش ڕاگیران.
هاوکاتی ئەو چالاکیانە چەند تەقینەوەیەک شارەکەیان هەژاند.
لە لێدوانێکى دا بۆ دەنگى ئەمریکا ڕزگار حاجى حەمە سەرپەرشتیارى کۆمیتەى باڵاى مانگرتنە دەڵێت سەرەراى تەقینەوەکان، ئامانجەکانمان پێکا و توانیمان لە ڕێگاى یاداشتێکەوە پەیامى ئاشتى بگەیه‌نین.
لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگى ئەمریکا عەمید هەڵۆ نەجات بەرپرسى ئاسایشى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کەرکوک دەڵێت سەرجەم تەقینەوەکان ناوچە کورد نشینەکانى کردە ئامانج و بەهۆیانەوە لایەنى کەم 3 کەس کوژران کە کارمەندێکى ئاسایشى کوردى لە نێویاندابوو، هەروەها نزیکەى 50 کەسیش بریندار بوون.
لە لایەکى ترەوەو هاوکاتى ئەو مانگرتنە کە بەسەرشتى رێکخراوە ناحکومیە کوردیەکانى کەرکوک بەرێوەچوو، ئه‌نجومه‌نی عه‌شائیری عه‌ره‌بی له‌ که‌رکوک بۆ پاڵپشتیکردن لە مانەوەى هێزى دیجلە گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و لە یاداشتێک دا کە بۆ نوسنگەى سەرۆک وەزیرانى عێراقیان بەرزکردۆتەوە داواى مانەوەى هێزى دیجلە و دەرچونى هێزە ئاسایشە کوردیـیەکان دەکەن.
شایەنى باسە ئەم ناڕه‌زایی و تەقینەوانەى شارى کەرکوک لە کاتێکدایە کەوا دوێنێ و بەپێى راگەیه‌ندراوێکى ئۆفیسى سەرۆک وەزیرانى عێراق کەوا هەردوو شاندى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگرى عێراق لە کۆبوونەوەکەیاندا لەسەر هێورکردنەوەى ناوچە دابڕاوەکان و کشاندنەوەى هێزە جوڵەپێکراوەکانى هەردوولا بۆ شوێنى پێشترى خۆیان رێکەوتون و بڕیاریشیان داوە کە درێژە بە کۆبوونەوەکان بدەن بە مەبەستى چارەسەر کردنى کێشەکان.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ئه‌میر گۆران