عێراق ڕێگه‌ به‌ وه‌زیری وزه‌ی تورکیا نادات سه‌ردانی هه‌ولێر بکات

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ تانه‌ر یه‌ڵدز وه‌زیری وزه‌ی تورکیا به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردسـتان هه‌ڵوه‌شـانده‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی پـێشـتر پـێی دابوو ڕه‌تکرده‌وه‌.
تانه‌ر یه‌ڵدز له‌و ده‌مه‌ی له‌گه‌ڵ شـاندی یاوه‌ری له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌تاتورکی نێوده‌وڵه‌تی بوو له‌ ئه‌سـته‌نبوڵ، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق پـێـیان ڕاگه‌یاند که‌وا مۆڵه‌ته‌که‌یان ڕه‌تکردووه‌ته‌وه‌.
پاشـان یه‌ڵدز بڕیاری دا به‌ره‌و به‌غدای پایته‌خت بچێت و له‌وێـوه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر بڕوات، به‌ڵام حکومه‌تی عێراق له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌ی دواکه‌وت، بۆیه‌ بڕیاری دا نه‌ بۆ به‌غدا و نه‌ بۆ هه‌ولێر بڕوات و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ تورکیا.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا پـێش چه‌ند مانگێـک له‌مه‌وبه‌ر به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له‌ به‌غدا، له‌ ڕێـگه‌ی هه‌رێمی کوردسـتانه‌وه‌ سه‌ردانی شـاری که‌رکوکی کرد و ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی توندی حکومه‌تی عێراقی لێـکه‌وته‌وه‌.