که‌نه‌دا به‌ڵێن ده‌دات به‌ به‌های 13 ملیۆن دۆلار کۆمه‌کی ئوردن بکات

جان بێرد وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی که‌نه‌دا به‌ڵێنی دا وڵاته‌که‌ی به‌ به‌های نزیکه‌ی 13 ملیۆن دۆلار کۆمه‌کی وڵاتی ئوردن بکات تاوه‌کو باری گرانی مرۆیی و ئاسایشی، ئه‌وانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی ناو سوریاوه‌ که‌وتوونه‌ته‌ سه‌ری شانی سووک بکات.
ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ له‌ پاش کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناسر جه‌وده‌ هاوتا ئوردنیـیه‌که‌ی و هه‌روه‌ها چاوپـێـکه‌وتنی به‌ شـا عه‌بدوڵڵا له‌ عه‌ممانی پایته‌خت، به‌ڕێز بێرد ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند و داوای له‌ کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی کرد کۆمه‌کی زیاتری ئوردن بکه‌ن له‌ کاتێـکدا بۆخۆی له‌ قه‌یرانی دارایی‌یدایه‌ و ئه‌م باره‌ مرۆیـیه‌ قورسه‌ی سوریایشی که‌وتووه‌ته‌ سه‌ر شان.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی که‌نه‌دا ده‌سـتخۆشیشی له‌ ئوردن کرد له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و یارمه‌تیـیه‌ مرۆیـیه‌ و پـزیشکیانه‌ی پـێشـکه‌شی زیاتر له‌ 470 هه‌زار ئاواره‌ی سوری ده‌کات، وه‌ به‌ نمونه‌یه‌ک باش بۆ هه‌موو لایه‌ک ناوی‌برد.