ئۆپـۆزسیۆنی سوریا داوا له‌ لوبنان ده‌کات ڕێـگه‌ بگرێت له‌ هاتنی حزبوڵڵا بۆ وڵاته‌که‌یان

هاوبه‌ندی نیشـتمانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا داوای له‌ حکومه‌تی لوبنان کرد ڕێگه‌ له‌ حزبوڵڵا بگرێت له‌وه‌ی چالاکی له‌ ناو سوریادا ئه‌نجام بده‌ن. هاوکات داواشی له‌ سه‌رهه‌ڵـداوان کرد دان‌به‌خۆیاندابگرن و هیچ ناوچه‌یه‌کی لوبنان نه‌که‌نه‌ ئامانجی خۆیان.
هاوبه‌ندی ئۆپـۆزسیۆن له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کدا له‌سه‌ر فه‌یسبوکه‌که‌ی ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند و گوتی پـێویسته‌ حکومه‌تی لوبنان واز له‌ سیاسه‌تی دوره‌وپه‌رێز بهێنێت و ده‌سـتبکات به‌ کۆنترۆڵکردنی سـنووره‌کانی خۆی و کاره‌ سه‌ربازیـیه‌کانی حزبوڵڵا له‌سه‌ر سـنووره‌کانی سوریادا ڕابگرێت.
هه‌روه‌ها ئۆپـۆزسیۆن هێزه‌کانی حزبوڵڵای تاوانبارکرد به‌ بۆردومانکردنی چه‌ند گوندێـکی سوریا، ئه‌وانه‌ی ده‌که‌ونه‌ سه‌ر سنووری نێوان هه‌ردوو وڵات.
هاوکات داوای له‌ هێزه‌کانی ئۆپـۆزسیۆن له‌ ناوچه‌ گوندیـیه‌کانی ڕۆژئاوای حومس کرد ڕێز له‌ سه‌روه‌ری خاکی لوبنان بگرن.
ئه‌م به‌یانـنامه‌یه‌ پاش ئه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ شه‌ڕ و پـێـکدادان له‌ نێوان هێزه‌کانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا و حزبوڵڵای لوبنان له‌ ناوچه‌ سنووریـیه‌کاندا ڕوویاندا و به‌ دوایدا هێزه‌کانی ئۆپـۆزسیۆن ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ بۆردومانی ناوچه‌کانی حزبوڵڵایان له‌ دیوی لوبناندا کرد و له‌ ئاکامدا 2 که‌س کوژران.