ده‌زگای FBI وێنه‌ و ڤیدیۆی دوو گومانبار به‌ هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌که‌ی بۆستن بڵاوده‌کاته‌وه‌

ده‌زگای لێـکۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی FBI وێنه‌ و ڤیدیۆی دوو که‌سی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ گومان ده‌کرێت هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌ خوێناویـیه‌که‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی شـاری بۆسـتنیان ئه‌نجام‌دابێت.
به‌پـێی ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو که‌سه‌که‌ قه‌مسه‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شی درێژی ڕه‌نگ دێزی به‌ کڵاویان له‌به‌ردایه‌ و سه‌روو جانتای وه‌رزشیـیان به‌ شـانه‌وه‌یه‌ و هه‌روه‌ها کڵاوی ورزشیـیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ڵام یه‌کێـکیان کڵاوه‌که‌ی ڕه‌نگ سـپـیـیه‌ و به‌ پـێچه‌وانه‌وه‌ له‌سه‌ری کردووه‌ و ئه‌وی دیکه‌یان ڕه‌شه‌ و به‌ ئاسایی له‌سه‌ری دایه‌.
ڕیچارد ده‌یلۆریـیا که‌ سه‌رپه‌رشـتی لیکۆڵینه‌وه‌کانی ده‌زگای FBI ده‌کات، ئه‌مڕۆ پـێـنجشه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانی گوت ئه‌وه‌ی کڵاوه‌ سپـیـیه‌که‌ی له‌سه‌ردایه‌ جانتاکه‌ی لای چێشـتخانه‌یه‌ک له‌ شوێنی ته‌قینه‌وه‌ی دووه‌مدا داناوه‌.
http://www.youtube.com/embed/M80DXI932OE
هه‌روه‌ها ئاگاهی دا جگه‌ له‌ ده‌زگا به‌رپـرسه‌کان که‌س لێـیان نزیک نه‌که‌وێته‌وه‌، له‌وه‌ی نه‌کا چه‌کیان پـێبێت، چونکه‌ زۆر مه‌ترسیدارن.
له‌ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای لێکۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی www.fbi.gov وێنه‌ی زیاتری گومانباره‌کان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.
ته‌قینه‌وه‌کانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی بۆستن له‌و ده‌مه‌دا بوو که‌ یاریـیه‌کی ماراثۆن له‌و شـاره‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چوو و هه‌زاران که‌س تیایدا به‌شـداریـیان ده‌کرد. 3 که‌س گیانیان له‌ده‌سـتدا که‌ یه‌کێـکیان کوڕێـکی منداڵی ته‌مه‌ن 8 سـاڵ بوو و هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 170 که‌سیش برینداربوون و ژماره‌یه‌کیان قاچیان له‌ده‌سـتداوه‌‌.

گومانبارانی هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌ خوێناویـیه‌که‌ی بۆستن