سه‌رۆک ئۆباما له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چاودێری ته‌له‌فۆنه‌کان ڕووبه‌ڕووی گوشـاری زیاتر ده‌بێته‌وه‌

سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا براک ئۆباما ڕووبه‌ڕووی گوشـاری زیاتر بووه‌ته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بڕیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیـیه‌که‌ی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ تۆماره‌ ته‌له‌فۆنیـیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هه‌روه‌ها له‌ کۆمپـیوته‌ره‌ سێرڤه‌ره‌کانی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی ئنته‌رنێتدا.
هه‌ندێـک له‌ یاسادانه‌ران و کۆمه‌ڵه‌کانی ئازادی سیڤیل، که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی چاودێریکردنه‌دا نین کۆنگرس له‌ پاش هێرشه‌کانی 11 ی سێپـته‌مبه‌ر به‌ حکومه‌تی داوه‌، به‌ توندی ڕه‌خنه‌ له‌م به‌رنامه‌ی گوێگرتن و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریـیانه‌ ده‌گرن.
ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ کاتێـک په‌یامنێرێـک له‌ جۆش ئێرنست گوته‌بێژی کۆشـکی سـپی پـرسی ئایا سه‌رۆک ئۆباما ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌م زووانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کات؟ ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا گوتی " به‌ دڵنیایـیه‌وه‌ به‌ دوری نابینم."
مه‌سه‌له‌که‌ له‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌وه‌ تیشکی خراوه‌ته‌سه‌ر پاش ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی گاردیان ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا گوتی ئاسایشی نیشـتیمانی ئه‌مه‌ریکا تۆماره‌ ته‌له‌فۆنیـیه‌کانی ملیۆنان ئه‌مه‌ریکایی کۆده‌کاته‌وه‌.
پاشـان گاردیان له‌گه‌ڵ واشنتن پـۆست ڕاپـۆرتیان بڵاوکرده‌وه‌ له‌ باره‌ی به‌رنامه‌یه‌کی دیکه‌ی نهێنی که‌ ده‌ڵێن ڕێگه‌ به‌ ئاسایشی نیشـتیمانی و ده‌زگای لێـکۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی FBI ده‌دات بچنه‌ ناو کۆمپـیوته‌ره‌ سێرڤه‌ره‌کانی 9 کۆمپانیای گه‌وره‌ی ئنته‌رنێتی ئه‌مه‌ریکا.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و کۆمپانیا گه‌ورانه‌ ڕه‌تیان کرده‌وه‌ حکومه‌ت بۆی هه‌بووبێت بچێته‌ ناو سێرڤه‌ره‌ سه‌ره‌کیـیه‌کانیانه‌وه‌.